رەجەب تەیب ئەردۆغان و سینان ئۆغان کۆبوونەوە

19-05-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەگەڵ بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە قسەیان کرد. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 19-5-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ هەمان پۆست لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا کۆبووەوە. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێک لەبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، بینالی یەڵدرم، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت، هیچ شتێک نییە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان و سینان ئۆغان نەتوانن لەسەری رێکبکەون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەڵوێستیان لە زۆر بوارەوە لە یەکدییەوە نزیکە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14-5-2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەچوو و هیچ کام لە بەربژێرانی سەرۆکایەتی 50٪ـی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا. 
 
بە گوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغلوی بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.88٪ی دەنگەکان و سینان ئۆغانیش 5.17٪ی دەنگەکانی بردەوە. 
 
هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووەتە گەڕی دووەم کە رۆژی 28ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و تەنیا دوو بەربژێریش لە رکابەرایەتییەکەدا هەن، ئەوانیش ئەردۆغان و کڵچدارئۆغلون و چاوەڕوان دەکرێت دەنگەکانی ئۆغانیش کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە