بە ژمارە؛ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیی باکووری کوردستان و تورکیا

19-03-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

31ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانیی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت. ئەمجارە 61 ملیۆن و 441 هەزار و  882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. گەرم و گوڕیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و کێبڕکێی نێوان پارتەکان، وەک هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتییە.
 
لەم هەڵبژاردنە، سەرجەم پارتە بەشداربووەکان دەتوانن تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە، 30-03-2024، بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن. دوای ئەو کاتە، هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ هەڵبژاردن قەدەخە دەکرێت و ئەو قەدەخەکارییە تاوەکو کاژێر 23.59 خولەکی رۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، بەردەوام دەبێت. بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دەتوانێت ئەو کاتە بۆ چەند کاژێرێک بێنێتە پێشتر.
 
دەنگدەرانی سنووری گەورە شارەوانییەکانی وەکو (ئەدەنە، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئایدن، باڵکەسیر، بووڕسا، دەنیزلی، ئامەد، ئەرزەڕۆم، ئێسکی شەهیر، دیلۆک، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، مەڕەش، قەیسەری، کۆجائەلی، قۆنیا، مەڵەتی، مانیسیا، مێردین، مێرسین، موغڵا، ئۆردوو، سەکاریا، سامسوون، رووها، تەکیرداغ، تڕابزۆن، وان) دەتوانن دەنگ بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی شارەکە و سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی و موختار بدەن. 
 
ئەو شارانەی لەنێو پێناسەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بە گەورە شارەوانی ناژمێردرێن، دەنگدەرانی سنووری ئەو پارێزگایانە، دەتوانن لە هەڵبژاردنەکان دەنگ بە، ئەندامانی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی و موختارەکان بدەن.
 
هەرچی پەیوەستە بە دەنگدەرانی سنووری گوندەکان، ئەوان دەتوانن دەنگ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و موختاری گوندەکانیان بدەن.
 
بەهۆی جیاوازی کاژێری خۆرهەڵاتن و ئاوابوون، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریداوە، لە شار و شارۆچکە و لادێکانی رۆژهەڵاتی تورکیا، دەنگدان لە کاژێر 7:00ـی بەیانی دەستپێبکات و کاژێر 4:00ـی ئێوارە کۆتایی پێبێت. لە ناوچەکانی رۆژئاوای تورکیاش، بە جیاوازی کاژێرێک، هەڵبژاردن لە کاژێر 8:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و لە کاژێر 5:00ـی ئێوارە کۆتایی پێدێت. دوای کۆتایی هاتنی وادەی دیاری کراوی هەڵبژاردنیش، راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەکرێت.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، پێچەوانەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆمار، دەنگدەرانی نیشتەجێی دەرەوەی تورکیا، مافی دەنگدانیان نییە. بەڵام سندووقی هەڵبژاردن بۆ ئەو دەنگدەرانەی ناوخۆی تورکیا دادەنرێت، کە لەو ماوەیەدا گەشت دەکەن. سندووقەکان لە نوێنەراییەتیەکانی تورکیا لە وڵاتانی جیهان و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دادەنرێت.
 
سەرجەم پارت و بەربژێرە بێلایەنەکان، لەپاڵ زمانی تورکی، دەتوانن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان، زمان و شێوەزار و بنزاری جیاواز بەکاربهێنن. بەڵام نابێت بە هیچ جۆرێک، ئاڵای تورکیا و گوزارشتی ئایینی بخەنە خزمەت پڕوپاگەندەکانیان.
 
بەربژێری پارتەکان بۆ سەرۆکایەتیی چەند گەورە شارەوانییەک:
 
ئیستەنبووڵ
 
پارتی داد و گەشەپێدان: موڕاد کوڕووم
پارتی گەلی کۆماری: ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو
دەم پارتی: مەڕال دانش بێشتاش و موڕاد چەپنی
ئی پارتی: بوغرا کاڤوونجوو
پارتی سەعادەت: بیڕۆڵ ئایدن
سەرلەنوێ پارتی رەفا: محەممەد ئاڵتن ئۆز
پارتی وەتەن: ئیبراهیم ئۆکان
پارتی مەملەکەت: بەرک حاجی گوزەلەر
پارتی زافەر: عەزمی قەرە مەحموود ئۆغڵوو
پارتی دەڤا: ئیدریس شاهین
 
جگە لە بەربژێری پارتەکان بۆ سەرۆکایەتی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ، چەندان بەربژێری بێلایەنیش خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە. کۆی گشتی 52 بەربژێر هەوڵی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ دەدەن.
 
ژمارەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ 15 ملیۆن و 655 هەزار و 924 کەسە، لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ، 24 پارت، هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دەدەن لە 39 ناوچەی جیاوازی شارەکە. 22 پارت بەربژێریان بۆ سەرۆکاییەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ هەیە، لەگەڵ 30 بەربژێری بێلایەن.
 
بە پشتبەستن بە داتا فەرمییەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، تۆڕی میدیایی رووداو بنکۆڵکارییەکی لەبارەی ژمارەی هاونیشتیمانیانی دەنگدەری لە ئیستانبوڵ ئامادەکردووە.
 
بە پێی داتای دەستەی ئاماری تورکیا، تەنیا لە ئیستەنبووڵ 11 ملیۆن و 982 هەزار و 494 کەس، کە دەکاتە 76.53%ـی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە، مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان. لە نێویاندا ژمارەی دەنگدەرانی خەڵکی باکووری کوردستان، سێ ملیۆن و 954 هەزار و 233 دەنگدەرە کە 33%ـی کۆی دەنگدەرانی ئیستەنبووڵ.
 
ئەنقەرە
 
پارتی داد و گەشەپێدان: تورگووت ئاڵتنۆک
پارتی گەلی کۆماری: مەنسووڕ یاڤاش
دەم پارتی: گوڵتان کشاناک و ئۆزتورک دۆغان
ئی پارتی: جەنگیز تۆپاڵ
پارتی سەعادەت: پاڵپشتی بەربژێری جەهەپە دەکات
سەرلەنوێ پارتی رەفا: سوعاد کڵچ
پارتی وەتەن: ئوتکوو رەیحان
پارتی مەملەکەت: زافەر بوراق
پارتی زافەر: حوسێن بارتوو سۆرال
پارتی دەڤا: جەلال مومتاز
 
ئامەد
 
دەم پارتی: سارە بوجاک و دۆغان خاتوون
پارتی داد و گەشەپێدان: محەمەد خاڵس بیدەن
هووداپار: فارووق دینچ.
پارتی گەلی کۆماری: جەعفەر پەکدەمیر
ئی پارتی: ئەحمەد چاکر
پارتی سەعادەت: محەممەد سابیر.
پارتی وەتەن: فەردی تانهان.
پارتی زافەر: مەحموود تاتار
پارتی دەڤا: جەناب ئاکینجی
 
مێردین
 
دەم پارتی: ئەحمەد تورک
پارتی داد و گەشەپێدان: عەبدوڵا ئەرین
هووداپار: ئیسماعیل چەڤیک
پارتی گەلی کۆماری: عومەر دوڕاک
سەعادەت: محەممەد عەلی کڵچ.
سەرلەنوێ پارتی رەفا: ئیبراهیم ئاتمەجە.
پارتی وەتەن: زەینەدین بۆزان.
پارتی زافەر: قادر گۆکچەن
پارتی دەڤا: عەبدولقادر کەریم ئۆغڵوو.
 
ئیزمیر
 
پارتی داد و گەشەپێدان: هەمزە داغ
پارتی گەلی کۆماری: جەمیل توگای
دەم پارتی: ئاکین بیردال و تورکان ئاسڵان
ئی پارتی باش: ئومێد ئۆزلالە
سەعادەت: مستەفا ئەردوڕان
سەرلەنوێ پارتی رەفا: جەمال ئاڕکان
پارتی وەتەن: سەرهان بۆڵووک
پارتی مەملەکەت: جونەید ئۆغووز
پارتی زافەر: ناشید بیرگوڤی
پارتی دەڤا: سەڕاب قەرە عوسمان ئۆغڵوو
 
مێرسین
 
هووداپار: تاهیر ئویساڵ
مەهەپە: سەردار سۆیدان
پارتی گەلی کۆماری: وەهاب سەچەر
ئی پارتی: بڵند ئۆزکان
پارتی سەعادەت: سۆنەر چۆنتار
سەرلەنوێ پارتی رەفا: عیزەدین ئاڵکان
پارتی وەتەن: یاڵچن ئۆکتەم
پارتی مەملەکەت: جەلالەدین دەنلی
پارتی زافەر: ئەمیرجان چاتکاش
پارتی دەڤا: گوران دینچەر
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەر پێنج ساڵ جارێک هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت. ساڵی 2019 دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کراوە. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورە شارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە