رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز ئەمڕۆ لە چەندین شاری باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد و دەیان هەزار هاونیشتمانی بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدارن.
لە شارەکانی ئاگری، دیلۆک، چەولیگ، جۆلەمێرگ، قەرس، شرنەخ، رووها، وان، ئیستەنبووڵ، بووڕسا، دەنیزلی، ئیزمیر، کۆجائەلی، عوسمانییە و تەکیرداغ ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت و ئێوارەش ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
پەیامنێرانمان؛ راوین ستێرک لە وان، شەوکەت هەرکی لە جۆلەمێرگ و عومەر سۆنمەز لە ئیستەنبووڵەوە، سات بە سات ئاهەنگەکان دەگوازنەوە.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە جۆلەمێرگ گوتی ئەمڕۆ کاژێر 13:00 ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە جۆلەمێرگ دەستیپێکرد و خەڵک پەیتاپەیتا بە جلوبەرگی کوردییەوە دێن بۆ بەشداریکردن لە یادەکە.
شەعبان ئەرتووشی، یەکێک لە ئامادەکارانی ئاهەنگی نەورۆز لە جۆلەمێرگ بە رووداوی گوت "خەڵک بەڕۆژووە و لە ئاهەنگی نەورۆزیش بەشدارە."
عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبووڵەوە گوتی لە کاژێر 13:00 ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز دەستپێدەکات.
ماوەی 45 ساڵە لە ئیستەنبووڵ لەلایەن کوردانەوە ئاهەنگ بەبۆنەی جەژنی نەورۆز سازدەکرێت، پەیامنێرەکەی رووداو هەروەها دەڵێ ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ بە ناونیشانی "هەڵسە، کاتی ئازادی و سەرکەوتنە"ـیە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئاهەنگەکەی نەورۆزی ئیستەنبووڵ بەشدار دەبێت و گوتارێک پێشکێش دەکات.
راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە وانەوە زانیاری لەبارەی ئاهەنگی نەورۆزدا، کۆمەڵێک گەنج بە جلوبەرگی کوردی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوە لە دەوروبەری شاییان دەکرد.
پەیامنێری رووداو دەڵێ "ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ بە جۆشوخرۆشەوە بەڕێوەدەچێت و لە لووتکەیە، ئەمساڵ دەنگ و رەنگی کوردی لەم گۆڕەپانە و وان، بەرزترە."
هاونیشتمانییەک بە جلوبەرگی کوردییەوە لەکاتی شاییکردندا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە هەموو کوردان دەکەم." هەروەها ژنێکی بەتەمەن بەهەمان شێوە بە جلوبەرگی کوردییەوە قسەی کرد و گوتی ''هیوادارین ئەو نەورۆزە ببێتە نەورۆزی ئاشتی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ