رووداو دیجیتاڵ
گرووپی پێشمەرگە، لە پێنج خۆبەخش پێکهاتووە و ساڵانە بە ئامادەکردنی مەشخەڵ، بەشداری لە کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ دەکەن. ئەمساڵ 2724 مەشخەڵ ئامادەکراون و بڕیارە ببرێنە سەر چیا، 150ـیان لەلایەن ئەندامانی گرووپی پێشمەرگەوە ئامادەکراون.
عەدنان عەبدولوەهاب، بەرپرسی گرووپی پێشمەرگەیە و دەڵێ مەشخەڵەکە لە دارێک دروستکراوە کە سەرەوەی تەلیسێکی پێوەیە "سەرەتا کە ئاگری تێبەردەدرێت، ئەو زەیت و گازەی پێیەوە کراوە، دەسووتێت دواتر تەلیسەکە تاوەکو سێ کاژێر، ئاگرەکەی بەردەوام دەبێت."
ئەو گردەی ئامادەکاریی تێدا دەکرێت ئاکرێییەکان پێی دەڵێن "سەرێ گری"، ئەمساڵ یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی پرۆتۆکۆلی سەرپەرشتی کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ دەکات و بڕیارە سەرۆکوەزیران، باڵیۆز و کۆنسووڵی وڵاتان و کەسایەتییەکان بەشداریی لە نەورۆزی ئاکرێدا بکەن.
بەشە دێرینەکەی ئاکرێ بە رووناکی رووناکدەکرێتەوە، بەهۆی مانگی رەمەزانیش راستەوخۆ لەدوای ئیفتار، رێوڕەسمەکە دەستپێدەکات.
دڵشاد عەلی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی ئاکرێ دەڵێ "دوای ئیفتار دەست بە کەرنەڤاڵی نەورۆز دەکەین، وەک هەموو ساڵێک کەرنەڤاڵی نەورۆز بەردەوامە و خەڵک بۆ بەشداریکردن و بینینی دێنە ئاکرێ."
بۆ یەکەمجار لە هەردوو چیای کەلێ و کەلەکەڤن کە بەرامبەر یەکدین، تابلۆیەکی سەرنجڕاکێش بە یاریی ئاگرین دروستدەکرێت. کۆمپانیای MRF سپۆنسەری کەرنەڤاڵەکەیە و بەشێوەیەکی جیاواز ئەمساڵ 15 خولەک ئاسمانی ئاکرێ بە یاریی ئاگرین رووناک دەکەنەوە.
مەسعود حاجی زوبێر، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت جگە لە یاریی ئاگرین، تۆپ و لەیزەریشیان بۆ کەرنەڤاڵەکە ئامادەکردووە "شتێکی جوان پێشکێش دەکرێت."
چەندین ساڵە یەکێک لە هیواکانی خەڵکی ئاکرێ ئەوەیە شارەکەیان بە فەرمی بە پایتەختی نەورۆز بناسێنرێت، هیوادارن لە کەرنەڤاڵی ئەمساڵیشدا خەونە چەندین ساڵەکەیان بە فەرمی لەسەری گری رابگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ