دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ؛ دەمیرتاش بە 20 ساڵ و ئەحمەد تورک بە 10 ساڵ بەندکردن سزا دران

16-05-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ، بڕیاری سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش دەرکرد و بە کۆی گشتیی لەگەڵ چەند دۆسیەیەکی دیکەش 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. 
 
لە 22ـەمین دانیشتنی دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، لەسەر دۆسیەی تۆمەتبارانی کۆبانێ، بڕیاری 20 ساڵ زیندانی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین و 19 ساڵ بۆ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەرکرد.
 
دادگە جگە لە ئاشکراکردنی سزاکەی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک؛ بێتاوانیی ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئاگری دەرکرد. گوڵتەن کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی بەدەپە و بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا درا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی زیندانیکردنەکەی، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو.
 
دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە سزای زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەر عەلی ئورکوت، سکرتێری گشتیی ناوەندی هەدەپە دەرکرد. بەڵام سزاکەی بۆ 16 ساڵ زیندانیکردن کەمکردەوە. بەهۆی هەڵوێستەکانی دادگەییکردنیشی، سزاکە کرایە 13 ساڵ و چوار مانگ.
 
دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی مانەوەیان لە زیندان، بڕیاری ئازادکردنی بۆ هەریەکە لە ئایلە ئاکەت، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و عائیشە یاغجی دەرکرد.
 
بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی زەهایمەر (لەبیرچوونەوە) دادگە بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئایسەل توغلوکی هاوسەرۆکی پێشووی (DTK) دەرکرد.
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە و 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی 18 کەسیان ئێستا لە زینداندان. سەلاحەدین دەمیرتاش بە 28 ساڵ و شەش مانگ و یوکسەگداغ بە 19 ساڵ بەندکردن سزادران.
 
دوای ئاشکراکردنی بڕیارەکانی، پارێزەران و ئامادەبووانی دانیشتنەکەی دادگە، دەستەی دادوەرانی دادگەیی کردنەکەیان سەرکۆنە کرد و هۆڵی دادگەیان جێهێشت.
 
دانیشتنەکە کاژێر 10:00 ـی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئایار لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکان لە زیندانی سینجان لە ئەنقەرە دەستپێکرد.
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو پارتە، شاندێكی باڵای پەرلەمانتارانی جەهەپە، ژمارەیەکی زۆر پارێزەر، سیاسەتڤان، نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆژنامەڤانان بۆ بەدواداچوونی دانیشتنەکە سەردانی سینجانیان کردووە. 
 
لەو تۆمەتەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەنقەرە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوەدراوە، لە رووداوەکانی کۆبانێ 37 کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و 676 کەسیش بوونەتە قوربانی. 
 
بەو هۆیەوە بە تاوانی جۆراوجۆر داوای 38 سزای زیندانی تاهەتایی قورس و 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپە کراوە. رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 روویاندا.
 
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی).

دەم پارتی لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا پەیوەندی بە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواخستنی دیدارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریاوە هەیە.