رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپرسی کۆمپانیای مێترۆپۆڵ MetroPOLL، دەنگەکانی ئاکپارتی بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 کەمی کردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاردا پلەی یەکەم بەدەست دەهێنێت.
ئۆزەر سانجار، خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێترۆپۆڵ، کە بەناوبانگترین کۆمپانیای ئەو وڵاتەیە لەبارەی راپرسییەکان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە راپرسییەکەی ئەمجارەدا مەبەستیان بووە بەراوردی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لەنێوان هەڵبژاردنی 2018 و ئەم هەڵبژاردنە بخەنەڕوو.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکەی میترۆپۆڵ؛ ئاکپارتی بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، دەنگەکانی بە رێژەی 2.55٪ کەمی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە نێو لایەنە سیاسییەکان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
کۆمپانیاکە راپرسییەکەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ 2610 کەس لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لەبارەی رێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان کردووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکە، ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023دا 40.1٪ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. جەهەپە 24.9٪، یەسەپە 12.8٪، ئیی پارتی 9.6٪، مەهەپە 5.1٪، پارتی مەملەکەت 2.7٪، پارتی کرێکار 1.1٪ و پارتی سەعادەت 0.6٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە رێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی 24ـی حوزەیرانی 2018، بەمشێوەیە بوو: ئاکپارتی 42.56٪، جەهەپە 22.65٪، هەدەپە 11.70٪، مەهەپە 11.10٪، ئیی پارتی 9.96٪ و پارتی سەعادەت 1.34٪.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش لە دەرەوە دەنگ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ