سلێمان سۆیلو: موراد قەرەیلان شریتێکی بۆ پەروین بوڵدان ناردووە

15-06-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزیری ناوخۆی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان، شریتێکی بۆ پەروین بوڵدان ناردووە.
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی حوزەیرانی 2022، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە دا، دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە فەرمانی داوە بە ئەنجامدانی رێپێوانەکەی "گەملیک" کە رۆژی 12ـی حوزەیران لەلایەن هەدەپە و دەبەپە رێکخرابوو و بە دروشمی "لە دژی سیاسەتی ئیمرالی، بەرگریکردن لە ئاشتی" ویستیان بەرەو گەملیک رێپێوان بکەن. 
 
سۆیلو دەڵێت، مانگێک بەر لە ئێستا دوران کاڵکان رێنوێنیی داوە و گوتوویەتی: "بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری تورکیا سەرکۆنەی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بکەن، دەبێت لە 81 پارێزگاوە بچن بۆ گەملیک لە بورسا."
 
سۆیلو لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: "ئەی ئێمە چیمان کرد؟ بەدواداچوونمان بۆ ئەم رێنماییە کرد. ئۆپەراسیۆنێکمان کرد، کە ناوەندەکەی لە تەکیرداغ بوو. یەکەکانی هەواڵگری و تیرۆرمان پێکهاتەیەکی جۆریی کەجەکەیان دۆزیەوە و ئۆپەراسیۆنێکی جددییان کرد. لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئێمە سەرجەم کۆدەکانی رێپێوانی گەملیکمان برد. رێگە نەدرا لە هیچ شوێنێکی تورکیا هەنگاو بنێن".
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی پەرلەمانتارانی هەدەپەوە گوتی: "من دژی ئەوەم بە بریکاری خەڵک ناویان ببەم، ئەوان ئەندامی پەكەكەن و ناتوانن لە دەرەوەی فەرمانی پەکەکە بچووکترین هەنگاو بنێن. شریتێک هەیە کە موراد قەرەیلان بۆ پەروین بوڵدانی ناردووە. ئەمانە دیلن. ئەوان دیلی رێکخراوی تیرۆریستین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە