رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت، دەبێ سیاسەتڤانان رێز لە دەنگی دەنگدەران بگرن و بڕیاری گەل بخەنە پێش هەر بڕیارێکی دیکە.
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە ئیستەنبووڵ دوای دەنگدان بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی دوا و رایگەیاند، ئەرکی هاووڵاتیبوونیان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی جێبەجێکرد و دەنگیان دا، گوتیشی "هاوپەیمانیی میللـەت لە کاتی بانگەشەکاندا کار و چالاییەکی زۆر باشی کرد. پلانەکانمان زۆر گونجاو بوون و چووینە شار و شارۆچکە جیاوازەکان".
ئاکشەنەر راشیگەیاند، خۆی لە 45 شاردا 54 گردبوونەوەی هەبووە؛ ئیمامئۆغڵووی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ لە 66 پارێزگا، مەنسوور یاڤاشی، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئەنقەرە لە 59 شار و کڵچدارئۆغڵووی سەرۆکی جەهەپەش لە هەمووان زیاتر "ماندوو" بووە و کۆبوونەوەی جەماوەری هەبووە.
ئاکشەنەر گوتیشی، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا "باسمان لە کێشە و ئاستەنگەکان کرد و زمانێکی گونجاومان بەکارهێنا و گوێمان لە هاووڵاتییان گرت. لەسەر ئەم بنەمایە پرۆژە و پلانمان داڕشتووە. گەل خاوەنە و ئێمەش خزمەتکارین. رووبەڕووی کاری زۆر قێزەون و تۆمەتی نابەجێ بووینەوە".
سەرۆکی ئیی پارتی باسی لەوەش کرد، پێویستە سیاسەتڤانان رێز لە ویست و بڕیار و دەنگی گەل بگرن و رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرن.
ئیی پارتی یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی میللەت. پێنج هێزەکەی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە بریتین لە جەهەپە، پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵوو، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان، پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتیی تەمەل کەرەموڵڵائۆغڵوو و پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی گولتەکین ئویساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ