رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەکات چەکەکانیان دابنێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 14ـی نیسانی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی 6ـی شوبات دروستدەکرێن و رادەستکردنی کلیلی هەزار و 432 خانوو و 17 فرۆشگە بۆ زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاماژەیەکدا بۆ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە گوتی: "ئەوانەی لە خەمی خوشک و برا کوردەکانمان و لە خەمی دیاربەکردان، پێویستە دەستبەرداری چەک بن و جێگەی خۆیان لە داهاتووی هاوبەشدا وەک پارچەیەکی دانەبڕاو لە وڵاتەکەمان بکەنەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، بەڵام ئەگەر ئەوان ئەو کارەیان نەکرد، "چونکە خاوەن ویست نین و ئەو دەسەڵاتەشیان نییە، ئەوە واتای ئەوەیە ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە تەنیا خزمەتکارییە بۆ ئیمپریالیزم".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئاماژەیەکی دیکەیدا بۆ هەدەپە گوتی: "درێژەپێدەری سیاسیی ئەوان [واتە گەریلا] کە لەژێر پەردەی پارتێکی سیاسییدا کاردەکات هەمان هەڵوێستی هەیە. ئەوان بەدەنگی ئێوە دژایەتیی ئەم وڵاتە، ئەم گەلە و بەهاکانی ئەم نیشتمانە دەکەن. نوێنەرانی ئەوان لە پەرلەمان چییان بۆ دیاربەکر کردووە؟ روونە کە ئەوان ناتوانن خزمەتی دیاربەکر بکەن. ئەوان لە قەندیلەوە رێنماییان پێدەدرێت و پێیانوایە دەتوانن برا کوردەکانمان بەمشێوەیە هەڵبخەڵەتێنن".
ئەردۆغان باسی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کرد و گوتی، ئێستا شوێنی دەمیرتاش زیندانە و رایگەیاند: "ئەوانەی خوشک و برا کوردەکانی ئێمەیان رژاندە سەر شەقامەکان و 51 رۆڵەی ئێمەیان کوشت، لە خەمی کورددا نین، بەڵکو بکوژ و تیرۆریستن".
ئەوەی ئەردۆغان لەو بوارەدا باسی دەکات پەیوەندی بە رووداوەکانی کۆبانێوە هەیە.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاریکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان لەسەر داوای هەدەپە خۆپیشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و نزیکەی 50 کەسی سڤیل و پۆلیس کوژران و 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون و 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی کردە سەر هەدەپە و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ