رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیستەنبووڵ دەکەن و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی ئیستەنبووڵ دەکەم و بیر و نزاکانم لەلای خێزان و خۆشەویستانی قوربانییەکانە."
لە تەقینەوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 53 کەسیش بریندارن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم."
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-11-2022 تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا. پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی تەقینەوەکەوە قسەی لەگەڵ شایەدحاڵەکان کرد و یەکێکیان گوتی: "کەسێکی خۆکوژ بوو و خۆی تەقاندەوە. نزیکەی 40-50 کەس بەر تەقینەوەکە کەوتن."
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تویتێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "بەتووندی هێرشە ترسنۆکانەکەی ئەمڕۆی ئیستەنبووڵ سەرکۆنە دەکەم و بیرم لەلای خەڵک و حکومەتی تورکیایە."
بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەیە و پشووە لە تورکیا شەقامی ئیستقلال قەرەباڵختر بوو لە رۆژانی ئاسایی. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "راستەوخۆ دوای ئەو هێرشە ناپاکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارانیش گواستراونەتەوە نەخۆشخانە. هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ ئەوەی تورکیا ملکەچ بکەن هەروەک چۆن پێشتر سەرکەوتوو نەبوون، ئێستاش سەرکەوتوو نابن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ