وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ هەدەپە: رێگەنادەین رێپێوان بۆ ئۆجەلان بکەن

12-10-2022
هەوار ئیسماعیل
رێپێوان و خۆپێشاندانی هەدەپە لە ساڵڕۆژی دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا و گۆشەگیرکردنی لە زیندان
رێپێوان و خۆپێشاندانی هەدەپە لە ساڵڕۆژی دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا و گۆشەگیرکردنی لە زیندان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارێکی هەدەپە لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان کە بەهۆیەوە قاچێكی شکا. ئەو رووداوە ماوەی چەند رۆژێکە مشتومڕی ناوەتەوە. 
 
رووداوەکە رۆژی یەکشەممەی رابردوو روویدا کاتێک هەدەپە بەبۆنەی 24ـەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا و گۆشەگیرکردنی لە زیندان بە دروشمی "بەرەو ئازادی رێپێوان دەکەین" لە چەند شارێكی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندانی کرد. 
 
هاوسەرۆکی هەدەپە رۆژی سێشەممە 11-10-2022، دەسەڵاتی ئاکپارتی بە دوژمنایەتیکردنی کورد تۆمەتبارکرد. میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، "لە بەرامبەر حەبیب ئەکسیکی هاوڕێمان و پەرلەمانتارەکانی دیکەمان، هێرشکردن بەشێوەیەکی دڕندانە و ئەو تابلۆیەی بریندارکردن بە قورسی، لە بنەڕەتدا بێڕێزیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد و ترسە لە تێکۆشانی گەلی کورد."  
 
لە وەڵامدا سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە زمانێکی زبر هۆشداریی دایە هەدەپە و گوتی، رێگەنادەن یەک مللیمەتر رێپێوان بۆ ئۆجەلان بکەن. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد: سیاسەتی دیموکراسی ئەگەر ئاپۆی بکوژی کۆرپەیە، روون و ئاشکرایە کە ئەمەیە چەمکی ئەوان. هەر بۆیە من گوتوومە و دەیڵێمەوە لەم بابەتەدا رێگەنادەین تەنانەت بۆ یەک مللیمەتر رێپێوان بکەن." 
 
خۆپێشاندانەکان گرژی لێکەوتەوە، لە ئامەد، وان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵی تورکیا 176 خۆپێشاندەر دەستبەسەرکران، شەوی یەکشەممە 117 خۆپێشاندەرەکەی ئیستەنبووڵ، وان و جۆلەمێرگ ئازادکران. 
 
شەوی دووشەممەش 35ی خۆپێشاندەری ئامەد ئازادکران و لێکۆڵینەوە لە 24 خۆپێشاندەری دیکە بەردەوامە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە