رووداو دیجیتاڵ
سولەیمان سۆیڵو، وەزیری نێوخۆی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ئیستەنبووڵ رەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆن گرت و رایگەیاند ئەوان دەیانەوێ دەوڵەت لە "باکووری سووریا و باکووری عێراق" دروست بکرێت. لە بارەی پەکەکە و یەپەگەش گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتاییان پێدەهێنین."
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا، کە شەوی رابردوو، 11ـی ئایاری 2023، لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، سولەیمان سۆیڵو وەزیری نێوخۆی تورکیا کە هاوکات بەربژێری پەرلەمانە لە ئیستەنبووڵ، رایگەیاند: "ئەوانەی دەڵێن با ئەردۆغان بڕوات، دەڵێن دەوڵەت لە باکووری سووریا و باکووری عێراق دروستدەکرێت.
سۆیڵو هەروەها سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەت لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە باسی لەوە کرد کە ئێستا 83 گەریلا لە شاخ ماون و رایگەیاند: "با ئەم شەوە و ئەم ئاسمانە شایەت بن کە رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2023 لە 100مین ساڵڕۆژی کۆماری تورکیادا یەک دانە تیرۆریست لە شاخەکانی ئەم وڵاتە نامێنێت".
وەزیری نێوخۆی تورکیا هەروەها رایگەیاند لەڕێی 5 ئۆپەراسیۆنەوە رێگرییان لە دروستکردنی دەوڵەت لە سووریا و عێراق گرتووە. گوتیشی:"لە رۆژانی داهاتوودا خوا بیکات لە باکووری سووریا و باکووری عێراقدا کە هێندەی نووکی دەرزییەک تیرۆریستی لێ ماوە، هەمووی پاکدەکەینەوە".
ئەم گوتانەی وەزیری نێوخۆی تورکیا لەکاتێکدایە کە رۆژی 14-5-2023 هەڵبژاردنی تورکیا بەڕێوەدەچێت و گەلانی تورکیا لە دوو پسوولەی جیادا دەنگ بە سەرۆککۆمار و پەرلەمان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ