32 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستبەسەرکران

10-11-2024
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە کەناراوەکانی موغڵا، 32 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران.
 
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان بەمەبەستی ''رێگری لە قاچاخیکردن بە کۆچبەران'' لە کەناراوەکانی شارۆچکەی بۆدرووم لە پارێزگای موغڵا ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر بەلەمێکدا گرتووە.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 32 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکراون، کەسێکیش بە تۆمەتی قاچاخیکردن بە کۆچبەران دەستگیرکراوە.
 
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکە کراون.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و، زۆربەشیان لەو کاتەدا بووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەورووپا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە