رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو، رێگەی سەرەکی ئەنقەرە - ئیستەنبووڵ بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ (دووشەممە، 10ـی تەمموزی 2023) رایگەیاند، ئەمشەو تاوەکو کاژێر 24:00 بارانی بەخوڕ لە پارێزگاکانی گیرەسوون، ترابزۆن، ریزە و ئارتڤین دەبارێت و داوای لە خەڵکی ئەو پارێزگایانە کرد هۆشیارانە مامەڵە بکەن.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیاش ئەمڕۆ لە پارێزگای بارتن رایگەیاند، 137 هاووڵاتی کە لە بارتن گیریان خوادبوو، لەلایەن تیمە جیاوازەکانەوە رزگارکران.
یڵماز تونچ ئاماژەی بەوەدا لە سنووری پارێزگای بارتن هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە بەیانی رۆژی یەکشەممە، نۆی تەمموزی 2023 ـەوە شەپۆلێکی بارانبارنی بەخوڕ بەشێکی ناوچەکانی رۆژئاوای تورکیا و چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە.
لە ئەنجامی رۆچوونی زەوی کە بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە دروستبوو، رێگەی سەرەکیی ئەنقەرە - ئیستەنبووڵ بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لەوانەیە تاوەکو درەنگانی شەو رێگەی ئەنقەرە - ئیستەنبووڵ بەداخراوی بمێنێتەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ و یڵماز تونچ، وەزیری داد تا درەنگانی شەوی رابردوو لە پارێزگای بارتن بوون کە بارانەکە کاریگەری زۆری لەسەر بووە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەیان کرد.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا درەنگانی شەو رایگەیاند، ئاو چووەتە نێو بەشێکی نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچكەی گۆکچەبە لە پارێزگای زۆنگوڵداک و بەو هۆیەوە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە چۆڵکراوە.
لە شارۆچکەی ئەرەگیلی سەر بە پارێزگای زۆنگولداک، ئاو چووەتە نێو 18 ماڵ و بەو هۆیەوە چۆڵکران. لە پارێزگای دوزجەش دوو ماڵی یەک نهۆمی بە کاریگەری بارانەکەوە رووخان، هەروەها رێگەی سەرەکی بۆڵو - دوزجە لە ناوچەی پاشاکۆی ژێرئاو کەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ