رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کڕینی نەوتی رووسیا و هیواخوازن سزاکانی سەر ئێرانیش هەڵبگیرێت.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی وزەی CERAWeek رایگەیاند، تورکیا 45%ـی پێداویستی ناوخۆی بۆ گازی سروشتی و 17%ـی نەوت و 40%ـی بەنزین لە رووسیاوە دابین دەکات.
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، جیهان پێویستی بە بڕێکی زیاتر لە نەوت هەیە و دەبێ ئەو نەوتە لە شوێنێکەوە بێت، ئەمریکا، ڤەنزوێلا، ئێران و سعودیە لە نێو ئەو وڵاتانەدان کە توانای دابینکردنی نەوتیان هەیە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار گوتی، رووسیا دابینکەرێکی دێرین و جێی متمانەیە بۆ تورکیا، ئەو نەوتەی کە تورکیا لە رووسیاوە دابینی دەکات، ناتوانێ وا بە ئاسانی لە شوێنێکی دیکەوە دابینی بکات.
ئاماژەی بەوەش دا، واشنتن بەرلەوەی لە 2018دا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بکشێتەوە و جارێكی دیکە دەستبکاتەوە بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا، تورکیا رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد، بەڵام لەو رێکەوتەوە لە ناکاو ئەو ژمارەیە یەکسان کرا بە سفر و هاوردەی نەوتی لە ئێرانەوە راگرت، بەڵام ئەمجارە ناکرێ لەبارەی ئەو نەوتەی کە رووسیا دەیخاتەڕوو، رووبەڕووی کێشە ببنەوە.
وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، هیواخوازن لە ماوەیەکی نزیکدا واشنتن و تاران بگەنە رێککەوتن، بەمەش ئاسانکاری بۆ دابینکردنی نەوت دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ