رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە پەیامێکی بۆ گەنجان بڵاوکردەوە و داوای لێکردن کار و چالاکییەکانی بانگەشە تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نەکەن و ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند بگەڕێن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا، سەلاحەدین دەمیرتاش کە نزیکەی 7 ساڵە لە گرتووخانە ئەدیرنە دەستبەسەرە، بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی تویتەکانی. دوای نیوەڕۆی شەممە، 6-5-2023 لە تویتێکدا پەیامێکی تایبەت بە گەنجان بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "کار و چالاکییەکانی بانگەشە تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی مەکەن. تەنانەت یەک کەسیش نییە کە لێرە قایل ببێت. تا رۆژی 14ی ئایار ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند بگەڕێن. با بەریەککەوتنتان لەگەڵ خەڵک هەبێت و دەستیان بگوشن و لە باوەشیان بگرن".
سەلاحەدین دەمیرتاش بە تایبەتیش رووی دەمی کردووەتە خوێندکارانی زانکۆ و داوایان لێدەکات ئەم هەفتەیە بە چڕی کارەکانی بانگەشە بکەن و نووسیویەتی: "دەی گەنجەکان، با لە یەکەمین خوولدا کارەکە تەواو بکەین".
لە تورکیا، دوو هاوپەیمانیی رکابەر هەن کە ئەوانیش هاوپەیمانیی جمهوور؛ ئاکپارتی، مەهەپە، هوداپار، پارتی یەکێتیی مەزن و پارتی یەنیدەن رەفاهـ پێکی دەهێنن. لەگەڵ هاوپەیمانیی میللەت؛ جەهەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، ئایندە، دەڤا و پارتی دیموکرات پێکی دەهێنن. هەدەپە کە لەسەر لیست و لۆگۆی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، لە نێو هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکانە. بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا پشتگیریی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت دەکات.
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە رۆژی 28ـی نیسانی 2023، رایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی میللەت دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ