رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی دەڵێت، دەوڵەت بەردەوامە لە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. دەشڵێت، ئەگەر جارێكی دیکە پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، لە رێگەی هەدەپە و پەکەکەوە نابێت.
گالیب ئەنساریئۆغڵو بەربژێری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەدی باکووری کوردستان رۆژی پێنجشەممە، چواری ئایاری 2023 لە لێداوانێکدا بۆ میدیاکانی تورکیا گوتی: "دەوڵەت هێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئۆجەلان و ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری چەکەکانی بێت، رەنگە پرۆسەیەکی نوێ دەستپێبکرێت".
گالیب ئەنساریئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیپێکردبوو، بەڵام ئەو پرۆسەیە لەلایەن هەدەپە و پەکەکە کۆتایی پێهێنراوە.
ئەنساریئۆغڵو گوتی: "دەوڵەت بەردەوامە لە دیدار لەگەڵ ئۆجەلان. کاتێک ئۆجەلان دەیەوێت هاوکار بێت بۆ چارەسەر، بۆ یەکگرتوویی تورکیا و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی چەکداری و دەوڵەتیش باوەڕی بەو شتە هەبێت، گفتوگۆکان بەم شێوەیە بەردەوام دەبن، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە هەدەپە و قەندیل هەلومەرجەکانی ئەمەیان لەبار بردووە. واتە ئەوە دەوڵەت نییە کە ئۆجەلان گۆشەگیر دەکات، قەندیل و هەدەپەیە ئۆجەلان گۆشەگیر دەکەن. تەنانەت ئەوانەی شکستیان بە پرۆسەی چارەسەری هێنا، ئەوانەی رۆڵی ئۆجەلانیان بەتاڵ کرد، دیسان خۆیان بوون".
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری، ئەو بەربژێرەی ئاکپارتی گوتی: "ئەو پرۆسەیە کە کۆتایی پێهێندراوە جارێکی دیکە بەردەوام نابێت، بەڵام ئەگەر ئۆجەلان کە هیچ شەرعیەتێکی نەماوە، داوا لە پەکەکە بکات و پەکەکەش چەک دابنێت، رەنگە پرۆسەیەکی نوێ دەست پێبکرێت، بەڵام پەیوەندی بە هەدەپە و پەکەکەوە نابێت، بەڵکو بەگشتی لەگەڵ کورد دەبێت."
هاوپەیمانیی جمهوور بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمان بانگەشەی ئەوە دەکات، کە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لە ژێرەوە لەگەڵ پەکەکە رێککەوتووە و پشتیوانی هەدەپەش دەرئەنجامی ئەو رێککەوتنەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ