رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ئیستەنبووڵ رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە گرت بەوەی دەیەوێ سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکات.
لەکاتێکدا نزیکەی 40 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان کە بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 2-4-2023، لە ناوچەی باغجڵاری ئیستەنبووڵ گوتاریکی پێشکێشکرد و رەخنەی لە رکابەرانی گرت.
ئەردۆغان داوای لە جەماوەرەکەی کرد رۆژی 14ـی ئایار دەنگی پێبدەن و شکست بە ئۆپۆزیسیۆن بهێنن. هەروەها رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت گرت بەوەی بەڵێنی ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە. ئەردۆغان هەروەها هەدەپەی بە باڵی پەکەکە و یەپەگە لە نێو پەرلەمانی تورکیا ناوبرد.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەها بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت و موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا لە کێبڕکێدان.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ