رووداو دیجیتاڵ
بە مووشەک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی سووریا و بە گوێرەی میدیای فەرمی ئەو وڵاتە، هێرشەکە زیانی گەورەی هەبووە.
میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، "کاژێر 4:30ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-8-2023) ئیسرائیلی دوژمن هێرشێکی کردە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب. هێرشەکە لە دەریای نێوەڕاستەوە کرا و لە ئەنجامدا فڕۆکەخانەکە داخرا."
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ راگەیێندراوێکی لەو بارەوە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2011ـەوە کە تێیدا شەڕی نێوخۆی سووریا هەڵگیرسا، ئیسرائیل دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر سووریا.
دووشەممەی رابردوو، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەیەک لە دەرەوەی دیمەشق و بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە ئەنجامدا دوو چەکداری نزیک لە ئێران کوژران و چەکدارێکی دیکەش برینداربوو.
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن، هێرشەکە کاتێك ئەنجامدراوە، ئەو چەکدارانە سەرقاڵی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بوون بۆ حیزبوڵڵای لوبنان کە گرووپێکی چەکدارییە و کۆماری ئیسلامی ئێران یارمەتیدەری سەرەکییەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ