ئەمریکا داوا دەکات سووریای نوێ نەبێتە سەرچاوەی تیرۆر

24-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی دەکات و باسی دۆخی سووریا دەکات، هەروەها داوای پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان لە سووریا دەکات، کە هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەی تێدا بن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە و لەو پەیوەندییەدا باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، داوای لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کردووە مافی پێکهاتەکان بپارێزن و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی سووریا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە شەوی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، روبیۆ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختیکردووەتەوە، "دەبێت سووریا دڵنیایی بدات لەوەی رێگە نەدەن ببنە سەرچاوە بۆ تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و رێگەش نەدەن ئاکتەری خراپەکاری بیانی ئەم قۆناخەی سووریا بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان."  
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان روبیۆ و فیدان گوتی، "وەزیری دەرەوە جەختی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان لە سووریا کردووەتەوە." 
 
روبیۆ کە چوار رۆژە لەو پۆستەدا دەست بەکاربووە، رۆژی 15ی کانوونی دووەم لەکاتی چوونی بۆ ئەنجوومەنی پیران، لە گوتارێکدا باسی پاراستنی کوردی لە سووریا کرد و رایگەیاند، "پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە."
 
ئەو باسی لەوەشکرد، "کورد قوربانیی زۆری داوە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکاندنی داعش، زیاتر لەوەش چەکدارەکانی داعشیان زیندانی کردووە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە." 
 
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە و، بە پاڵپشتیکارێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" دادەندرێت کە لەلایەن کوردەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، بەڵام ئەنقەرە هەسەدە بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەبینێت و چەندین جار داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ‌هێزەی لە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە