چیرۆکی ئەو زیندانییانەی رژێمی ئەسەد کە لەبری چارەسەر، ئەشکەنجە دەدران

23-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
یەکێک لەو زیندانییانەی لە نەخۆشخانە سەربازییەکانی ئەسەد ئەشکەنجە دراوە.
یەکێک لەو زیندانییانەی لە نەخۆشخانە سەربازییەکانی ئەسەد ئەشکەنجە دراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد نەجیب بە دەیان ساڵ لە زیندانەکانی بەشار ئەسەد ئەشکەنجە دەدرا، 10 ساڵە بەهۆی ئەشکەنجەوە بەدەست ئازاری پشتی دەناڵێنێت. ئەو ئێستا سەردانی نەخۆشخانەی سەربازیی دیمەشق دەکات، کە لەبری وەرگرتنی چارەسەر تێدا، ئەشکەنجە دەدرا. 
 
محەممەد نەجیب، باس لەو کاتانە دەکات کە لە نەخۆشخانەی سەربازیی دیمەشق بووە و دەڵێت، "هەرگیز چارەسەریان پێ نەدەدام بۆ ئازاری پشتم، هەرکاتێکیش دەمپرسی کێشەم چییە، ئەوان دەیانگوت هیچ نییە هەڵامەت و کۆکەتە و بۆمان نەبوو قسەی دیکە بکەین." 
 
لەماوەی 13 ساڵی شەڕی نێوخۆی سووریادا، زیاتر لە 157 هەزار سووریایی زیندانی بوون و زۆربەیان رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و لێدان بوونەتەوە. لەنێو سووریاییەکاندا، زیندانەکانی ئەسەد بە "قەسابخانەی مرۆڤ" ناسراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ساڵی 2023ـی کۆمەڵەی زیندانییان و بێسەروشوێنانی گرتووخانەی سیدنایای دیمەشق، بێجگە لە هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی گرتووخانەکە، پزیشک و ستافی تەندروستیی گرتووخانەکەش، زیندانییەکانیان ئەشکەنجە داوە. 
 
ئوسامە عەبدوللـەتیف، یەکێکی دیکەیە لە زیندانییەکانی دەست رژێمی ئەسەد و باس لەوە دەکات، "نزیکەی پێنج ساڵ لەنێو زیندان بووم، بەڵام 250 ساڵیش بەس نابێت بۆ باسکردنی هەموو ئەو نەهامەتییانەی رووبەڕوومان کرایەوە." 
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد، رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیێنن، هێشتا لانیکەم 136 هەزار زیندانی بێسەروشوێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە