رێکخراوەکانی رۆژئاوای کوردستان: 44,395 کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە پەناگەکان دەمێننەوە

20-12-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک رێکخراوی ناحکومیی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە راپۆرتێکدا دەڵێن، زیاتر لە 44 هەزار کەس لەو ناوچەیە لە پەناگەکان دەمێننەوە؛ دەشڵێن: "دووژمنکارییەکانی منبج و کۆبانێ بەردەوامن و خەڵکی زیاتریش ئاوارە دەبن."
 
رۆژی هەینی، 20-12-2024، کۆڕبەندی رێکخراوە ناحکومییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (نێس) راپۆرتێکی بە ناوی (کاریگەریی مرۆیی پێشهاتە نوێیەکانی نێو سووریا لەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) بڵاوکردەوە.
 
نێس دەڵێت، لە 17-12-2024ـەوە 263 باڵەخانەی شارەوانی، قوتابخانە، مزگەوت، یاریگە و یەکەی نیشتەجێبوون لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەک ناوەندی فریاگوزاری و پێشوازیکردن لە خەڵک بەکاردەهێندرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "44 هەزار و 395 کەس کە خۆیان لە نۆ هەزار و 101 خێزان دەبیننەوە، لەو پەناگە و ناوەندە فریاگوزارییانە دەمێننەوە. چاوەڕوان دەکرێت 50 هەزار کەسی دیکە پێویستییان بە پەناگە و هاوکاری هەبێت."
 
ئەمە حەوتەم راپۆرتی پێشهاتەکانی نێو سووریایە و تێیدا هاتووە: "دووژمنکارییەکانی نێو منبج و کۆبانێ بەردەوامن. هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کۆبانێ نیگەرانیی ناسەقامگیریی زیاتر دەکەن و خەڵکی زیاتریش ئاوارە دەبن."
 
رێکخراوەکان دەنووسن: "دۆخەکە ئاڵۆزە، وێنەی جیۆسیاسیی سووریا بەردەوام لە گۆڕاندایە. بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێو منبج، کۆڕبەندی نێس ناتوانێت بچێتە شارەکە. سوپەرمارکێتەکان، تۆڕەکانی کارەبا، دامەزراوە تەندروستییەکان و ژێرخانە هەستیارەکان پێویستییان بە چاککردنەوە و گرنگیپێدان هەیە. پێویستییەکی زۆر بە جلوبەرگی زستانە بۆ منداڵان، بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵ هەیە."
 
رۆژی 08-12-2024 حکومەتی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی رووخا. 
 
لەو کاتەوە دراوی لیرەی سووری بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی گۆڕانکاری زۆری بەسەر هاتووە و بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
کۆڕبەندەکە رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار، "دەستگێڕ و فرۆشیارەکان نرخی خوارەمەنییەکانیان بەرزکردووەتەوە و ئەو دۆخەیان قۆستووەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە