رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، رووباری کەبیرە لەسەر سنووری نێوان لوبنان و سووریا. دانیشتووانی سووریا، لە ترسی شەڕ وڵاتەکەیان بەرەو لوبنان بەجێدەهێڵن.
هاووڵاتییەکی سووریایی کە رێگەی لوبنانی گرتووەتە بەر دەڵێت، "دۆخەکەمان لە سووریا زۆر خراپە، لەگەڵ ماڵباتەکەمان سووریامان بەجێهێشت. پڕیەتی لە رەشەکوژی، ئەوان دەستیان نەدەپاراست لە عەلەوی، سوننە، شیعە و کریستیان، هەمووان لەمەترسیدان. ئامانجیانە هەمووان لەنێو ببەن."
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت، "هیچ خۆراکێکمان نییە، روومانکردووەتە ئێرە، هەندێک خۆراک و جلوبەرگیان بۆ دابین کردووین، بەڵام ئێمە لە ماڵەکانمان دەرکراین و مافی مانەوەشمان لێ زەوت کراوە."
لە رۆژی شەشی ئەم مانگەوە، شەڕ و پێکدادان ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای سووریای گرتەوە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری رژێمی بەشار ئەسەد رووبەڕووی سوپای سووریا بوونەوە.
لەبەرامبەردا، هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگە و شارەکانی لازقییە، تەڕتووس، بانیاس و جەبلە کە پێگەی بەهێزی عەلەوییەکانە، زۆر بە توندی وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. لە ئەنجامدا تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر لە هەزار و 300 کەس پشتراست کراوەتەوە.
سەمین خیتان، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژمارەی ئەو سڤیلانەی کوژراون باس لەوە دەکات، "نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بەڵگە کوژرانی 111 کەسی سڤیلمان تۆمار کردووە، بەڵام پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی قوربانییەکان بەردەوامە و ژمارەی راستەقینەی ئەوانەی کوژراون، زۆر زیاترە لەو ژمارەیە."
رۆژی سێشەممە، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، لیژنەیەکی تایبەتی دۆزینەوەی راستییەکانیان پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەوانەی پێشێلکارییان لە ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا کردووە، بەمەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی تۆڵەکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ