ژنێکی عەلەوی بە دیار تەرمی کوڕەکانییەوە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت

12-03-2025
مالیک محەممەد
وێنەی دایکەکە لەگەڵ دوو کوڕەکانی.
وێنەی دایکەکە لەگەڵ دوو کوڕەکانی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بڵاوبوونەوەی وێنەی دایکێکی عەلەوی لە رۆژئاوای سووریا، بە دیار تەرمی دوو کوڕە گەنجەکەی، لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریا کاردانەوەی لێکەوتەوە، سەرکردەیەکی پارتی کوردیش دەڵێت: "ئەو دوو گەنجەی کوژراون، سڤیلن."
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو رووداوە لە پارێزگای لازقییە روویداوە، چەکدارێک قاچی خستووەتە سەر یەکێک لە تەرمەکان و دایکی دوو گەنجەکە بە دیار تەرمەکانەوە دانیشتووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، حەواس عەگید، سەرکردە لە بزووتنەوەی چاکسازی کوردی - سووریا لەبارەی چیرۆکی وێنەکە بە رووداوی گوت، "ئەو خێزانە عەلەوین و رووداوەکە دوو رۆژی رابردوو لە پارێزگای لازقییە روویداوە و ئەمڕۆ وێنەکەی بڵاوبووەتەوە، ئەو دوو گەنجە کوژراوەی لە بەشی پێشەوەی وێنەکەدان، هەردووک کوڕی ئەو دایکەن."
 
حەواس عەگید دەڵێت، "هەردوو گەنجەکە سڤیلن و چەکدار نەبوون، ئەوکارەی کراوە تاوانکارییەکی گەورەیە و پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت."
 
لەبارەی هەڵوێستی دایکەکە حەواس عەگید گوتی، "بەگوێرەی زانیارییەکان دایکەکە لە ژیاندا ماوە. لەدوای کوشتنی کوڕەکانی، هێزە چەکدارەکان بە دایکەکەیان گوتووە، ئەی عەلەوییەکان سەرجەمتان دەکوژین. دایکەکەش زۆر بە بوێرییەوە وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی، هەرگیز ناتوانن ئەو کارە بکەن."
 
ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە وردەکاریی کارەساتەکە نیشان دەدات، دوو کوڕی ژنەکە لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە دەکوژرێن، ئەو ژنە لە کاتی پارێزگاریکردن لە تەرمەکە، لەلایەن بکوژەکانەوە سووکایەتیی پێکرا. 
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی فرۆڤ دەڵێت، یەکێک لە چەکدارەکان بە گاڵتەوە قسە بە ژنە 86 ساڵانەکە دەڵێت و پێی دەڵێت، "ئەمانە کوڕەکانتن... ئێمە ئاسایشمان پێدان، بەڵام ئێوە ناپاکن". چەکدارەکە هاوار دەکات و دەشڵێت: "حاشات لێبێت". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە