رووداو دیجیتاڵ
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لەو کاتەوەی شەڕ و گرژییەکانی سووریا لە هەفتەی رابردووەوە دەستیانپێکردووە، لانیکەم هەزار و 383 کەس، کە زۆربەیان عەلەویین، کوژراون.
روانگەی سووری، کە چاودێریی شەڕی سووریا دەکات و بارەگاکەی لە لەندەنە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-03-2025) رایگەیاند، سڤیلەکان لەلایەن "هێزە ئەمنییەکان و گرووپە هاوپەیمانەکانیانەوە" کوژراون؛ ئەمەش دوای ئەوەی پێنجشەممەی رابردوو لێشاوێکی شەڕ و پێکدادان، لە باکووری رۆژئاوای سووریا لە پارێزگەی لازقییە، کە زۆرینە عەلەوینشینە و زێدی بەشار ئەسەدە، دەستیپێکرد.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەرچەندە ئێستا ئاگری شەڕەکە دامرکاوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەکە لە بەرزبوونەوەدایە و تەرمی نوێ دەدۆزرێنەوە، زۆربەی تەرمەکانیش لە کێڵگەکان و ماڵەکاندا دەدۆزرێنەوە.
دوایین ئامارەکانیش لە شارەکانی لازقییە، تەڕتووس و بەشێکیشیان لە حەما وەرگیراون. "هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان لە کۆمەڵکوژی، ئاوارەکردنی زۆرەملێ و سووتاندنی ماڵی خەڵکدا کردووە."
شەڕ و پێکدادان رۆژی 06-03-2025 دەستیپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی چەند چەکدارێکی لایەنگری حکومەتی پێشووی سووریا، هێرشیانکردە سەر هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی نوێ.
جگە لە سڤیلەکان، لانیکەم 231 هێزی ئەمنی و 250 چەکداری عەلەویش کوژراون.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کە لە 08-12-2024 رابەرایەتیی هەتەشەی کرد و ئەسەدی لە دەسەڵات هێنایەخوارەوە، بەڵێنی داوە "ئەوانەی دەستیان لە خوێنڕشتنی سڤیلەکان هەبووە" لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە راپۆرتی ئەو لیژنە سەربەخۆیەی پێکیهێناوە.
یاسر فەرحان، گوتەبێژی ئەو لیژنەیە گوتی، سووریا بڕیاریداوە "رێگە لە تۆڵەسەندنەوەی نایاسایی بگرێت و گەرەنتی بدات، کە هیچ کەسێک لە یاسا دەربازی نابێت."
دەسەڵاتداران هەروەها دەستگیرکردنی لانیکەم 7 کەسیان راگەیاندووە، کە گومانیان لێ دەکرێت پێشێلکارییان بەرامبەر سڤیلەکان کردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ