رووداو - واشنتن
رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای سووریا، بە دیاریکراوی شاری لازقییە، کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی حکومەتی ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێک کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی کوژرانی خەڵکی مەدەنیی کرد بە دەستی چەکدارە جیهادییەکان و پشتیوانیی واشنتنیشی بۆ پێکهاتەکانی سووریا دووپات کردەوە.
لە کۆنگرێسی ئەمریکاش بە تووندی ئەو رەفتارانە سەرکۆنە دەکرێن، بە جۆرێک کە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کوژرانی ئەو مەدەنیانە بەو شێوەیە بە "کۆمەڵکوژی" ناودەبات.
کۆنگرێسمان برایان ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس دەڵێت، "هەموو وردەکارییەکانم نەبینیوە سەبارەت بەو رووداوانەی لە کۆتایی هەفتە روویاندا، بەڵام پێموایە ئەمە وەکو کۆمەڵکوژی وایە، دەمێکە گوتوومە: دەبێت وریابین و نابێت لەگەڵ هیچ یەکێک لەو گرووپانە بچینە سەر یەک جێگا، ئەوانەی خەریکن ئامادەکاری بۆ دەستکەوتی دیکە لە سووریا دەکەن. هەروەها هەموو ئەو گرووپانەش پەیوەندیی جۆراوجۆریان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە، ئەمەش پێدەچێت نموونەیەکی زۆر روونی ئەو پەیوەندییانە بێت کە نیشانی دەدات، ئەوانیش لەڕووی بەهاکانی ژیانەوە باوەڕیان بەو کردەوانە هەیە."
لە چەند رۆژی رابردوودا نوێنەرانی پێکهاتەکانی سووریا لەسەر ئەم پرسە هەوڵیان داوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کۆببنەوە و، دۆکیۆمێنت و بەڵگەی تایبەت بە کوژرانی مەدەنییەکان لە پێکدادانەکانی ئەم دواییە بگەیێننە دەست بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
ئێستا ئەو پێکهاتانە داوای پاراستنی زیاتر لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن، چونکە هیچ دڵنیاییەکیان نییە سەبارەت بە داهاتووی ئاسایشی خۆیان لە سووریا.
د. بەسام ساخر، ئەندامی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن دەڵێت، "ئێستا دۆخەکە زۆر خراپە، ئەمە کۆمەڵکوژییە، من خۆم خەڵکی ئەوێم، ئەوەی روودەدات شتێکی باوەڕ پێنەکراوە. ئەو گرووپانە لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوون و بە فەرمانی جۆلانی، ئەو کارە دەکەن، ئێستاش هەوڵدەدەن شتەکان بخەنە سەر خەڵکی دیکە، بەڵام ئێمە هەموو شتێکمان دۆکیۆمێنت کردووە، خەڵکەکە بێ ئاو و خواردنن، هەتا ئەمڕۆ تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان چوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە یاوەری دەکران، ئێستا خەڵکەکە داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەکەن."
پێشتر ئیدارەی بایدن دەیگوت، هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی هەتەشە ناکەن و بڕواش بە قسەکانیان ناهێنن، بەڵکو ئەوان سەیری کردارەکانی ئەو گرووپانە دەکەن کە ئێستا حکومەتی نوێی سووریایان پێکهێناوە، بەڵام پێناچێت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە رەفتارەکانی ئێستای ئەو گرووپانە رازی بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ