پێنتاگۆن بۆ رووداو: هەسەدە هاوبەشێکی کاریگەری ئێمە بووە لە شەڕی دژی داعش

13-08-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا شکستهێنانی هەمیشەیی رێکخراوی داعشە. لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەسەدەش گوتی، "هاوبەشی کاریگەری ئێمە بووە لە شەڕی دژی داعشدا."

رۆژی سێشەممە 13ی ئابی 2024 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا لە سووریان و ئامانجی ئێمەش لە سووریا شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعشە؛ بەردەوام دەبین لەو ئامانجەمان."

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە، پات رایدەر گوتی، "هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوبەشێکی باشی ئێمە بووە لەو شەڕە [شەڕی دژی داعش]؛ هاوبەشێکی کاریگەر بووە لەو شەڕە و ئەوەش بنەمای پەیوەندییەکەمان و هاوئاهەنگییەکەمانە."

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وەک هاوبەشی سەربازیی بەتوانا سەیری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کارکردن لەگەڵ ئەو هێزە بەردەوام دەبن تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لەوەی داعش بەهێز نابێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 7ـی ئەم مانگە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە چەند شوێنێکی دێرەزوور بە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە جووڵەیان کرد، بەڵام دوای شەڕێکی سەخت هەسەدە پاشەکشەی پێکردن و ناچاریکردن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

لەو شەڕەدا 7 کەس کوژران؛ شەڕڤانێکی هەسەدە، 3 چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا و 3 کەسی سڤیل. 

ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیرکراون.
  
لە ئەیلوولی 2023ش هێزەکانی ئەمریکا پشتیوانیی هەسەدەیان کرد لە تێکشکاندنی هێرشی هۆزە هەڵگەڕاوە عەرەبەکانی دێرەزوور.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە