رووداو دیجیتاڵ
تورکیا لە پاش 12 ساڵ، بورهان کۆرئۆغڵو وەک باڵیۆزی کاربەڕێکەری وڵاتەکەی لە دیمەشق دیاریی دەکات.
ئەمشەو 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمی، بورهان کۆرئۆغڵو، باڵیۆزی تورکیا لە نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا بە باڵیۆزی کاربەڕێکەری وڵاتەکەی لە دیمەشق دیاریکرد.
دیاریکردنی باڵیۆزی نوێی تورکیا لە کاتێکدایە 12 ساڵە دوای دەستپێکردنی شۆڕش و سەرهەڵدانی قەیرانی ناوخۆی سووریا، حکومەتی تورکیا پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن کرد. بەهۆیەوە گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوانیان هەڵکشا و حکومەتی ئەوکاتی سووریا چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی تورکیای راگرت. لە ئەنجامدا تورکیا رۆژی 26ـی ئاداری 2012 باڵیۆزخانەی لە دیمەشق داخست.
هەرچەندە وادەی دەستبەکاربوونی بورهان کۆرئۆغڵو، باڵیۆزی کاربەڕێکەری تورکیا لە دیمەشق دیارنییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، بڕیارە پێش سەری ساڵ دەستبەکار بێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تورکیا هەمان باڵەخانەی پێشووی باڵیۆزخانەکەی لە نزیک گۆڕەپانی رەوزە داواکردووە.
بورهان کۆرئۆغڵو کێیە؟
- نووسەر و بیرمەندە
- ساڵی 1962 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە
- ماستەری هەیە لە فەلسەفەی ئیسلامی لە ئوردن
- دکتۆرا و پلەی پرۆفیسۆری لە فەلسەفەی ئیسلامی لە تورکیا بەدەستهێناوە
- سەرۆکی بەشی فەلسەفە و مێژووی ئیسلامی بووە لە هەردوو زانکۆی ئیبن خەلدوون و مارمارا
- بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی جەزیرە تورک بوو
- ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کەناڵی جەزیرە بوو
- شەش کتێبی لەبارەی مێژوو، فەلسەفە، سیاسەت و پەیوەندی تورکی - عەرەبی بە هەر سێ زمانی عەرەبی، تورکی و ئینگلیزی هەیە
- رۆژی 15ـی کانوونی یەکەمی 2023 کرایە باڵیۆزی تورکیا لە نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا
- رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 بە باڵیۆزی کاربەڕێکەری تورکیا لە دیمەشق دیاریکرا
- باوکی دوو کچ و کوڕێکە
- زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ