رووداو دیجتیتاڵ
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی نێوان سەربازانی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، کە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە لایەنگر و پاشماوەی نزیک لە بەشار ئەسەد، ناویان دەبەن، زیاتر لە 70 کەس کوژراون.
رۆژی هەینی 07ـی ئاداری 2025، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا ئاماژەیان بەوە داوە، لە شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای سووریا بە ناوچە کەناراوییەکان ناسراون، شەڕ و رووبەرووبوونەوەیەکی تووند لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە رژێمی پێشووی سووریا روویداوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، رۆژی پێنجشەممە، شەڕ لە شارەکانی لازقییە، جەبلە، تەرتووس لە رۆژئاوای سووریا کە پێگەی بەهێزی عەلەوییەکانی سووریایە روویداوە، تەنیا لە دەووروبەری شاری جەبلە لە رۆژی پێنجشەممەدا، 48 کەس کوژراون.
لەو 48 کەسەی کوژراون 16یان سەر بە لایەنگرانی ئەسەد بوون و 28ـیشیان سەربازی سووریا بوون، لەگەڵ چوار کەسی سڤیل.
ئەو شەپۆلە نوێیەی پێکدادانەکان، تووندوتیژترین شەڕوپێکدادانە لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد.
بەرپرسانی سەربازی سووریا رایانگەیاندووە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەک لە چەکدارانی نزیک لە ئەسەد، هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک لە خاڵی پشکنینی سوپا لە دەوروبەری شاری لازقییە، دواتر شەڕەکە فراوانتر بووە بۆ شاری جەبلە.
بەرپرسێکی ئەمنیی سووریا رایگەیاندووە "ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانمان شەهیدبوون و برینداربوون، بەڵام هەوڵدەدەین ئەو گرووپانە لەو ناوچانە بنبڕ بکەین و ئاسایش و ئارامی بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکەکەمان."
هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاندووە، زۆربەی ئەو چەکدارانەی، لە ئەنجامی 24 کاژێری رابردوودا کوژراون، ئەو چەکدارانە بوون کە پێش رووخانی رژێمی ئەسەد، لە پارێزگەی ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا بوون.
دوای گەیشتنی هێزی پشتیوانی زیاتر بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا، سوپای سووریا رایگەیاند توانیوویانە بەرپرسی بەشی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی سەردەمی ئەسەد دەستگیر بکەن، کە یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەسەد.
میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند "هێزەکانمان لە شاری جەبلە توانیویانە تاوانبار ژەنەرال ئیبراهیم حویەجا، دەستگیر بکەن، ئەو تۆمەتبارە بەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی سەتان کەس لە سەردەمی تاوانباران حافز و بەشار."
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، سوپای سووریا لەڕێگەی فرۆکەی جەنگییەوە، بۆردوومانی چەندین گوندی لە دەووروبەری شاری لازقییە کردووە، دواتر سەرۆکهۆزی عەلەوییەکان لە ناوچەکە داوای خۆپێشاندانی فراوانی لە دژی ئەو هێرشانە کردووە؛ بەڵام هێزەکانی سوپای سووریا باری لەناکاویان راگەیاندووە و هاتووچۆکردنیان لە ناوچەکە قەدەخە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ