رووداو دیجیتاڵ
ئەدێدی ئیبۆ، باڵاترین بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری چەکداماڵین، رۆژی پێنجشەممە بە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی گوت، ئەو وردەکارییانەی بەرپرسانی سووریا لەسەر چەکی کیمیایی وڵاتەکەیان خستوویانەتەڕوو، ورد و تەواو نین.
بە گوتەی بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی دیمەشق زانیاریی ناتەواوی لەسەر دوو شوێنی چەکی کیمایی بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوە.
ئیبۆ گوتی، ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی زانیاریی چەکی کیمیایی، داوایان لە حکومەتی سووریا کردبوو روونکردنەوە بدات، چونکە پێشتر نموونەیان لە دوو شوێنی هەڵگرتنی چەکی کیمیایی سووریا دۆزیبوونەوە کە پێشانیدەدەن لەو شوێنانە کار لەسەر هەندێ چەکی کیمیایی کراوە کە پێشتر لەلایەن دیمەشقەوە لێی ئاگادار نەکراونەتەوە.
ئیبۆ گوتی، "وێڕای ئەوەی کۆماری عەرەبی سعودی هەندێ زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو ئەنجامانە پێداین، سکرتاریەتی تەکنیکیی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، پێیوایە ئەو زانیارییانە تەواو نین".
بەڵام قوسەی دەحاک، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەو راپۆرتانەی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی مانگانە دەیانخاتەڕوو، "بەردەوام هەمان ئەو دەنگۆ ناڕاست و تۆمەتانە دەخەنەڕوو کە وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی حکومەتی سووریا بڵاویان دەکەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ