جۆلانی بۆ سوودانی: هیوادارین رێگە بە حەشد نەدەی بێتە نێو جەنگەکە

05-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دڵنیایی بە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدات کە ئەوان نابنە هەڕەشە بۆ سەر عێراق، دەشڵێت، دوای "رووخاندن"ی حکومەتی بەشار ئەسەد و "دروستکردنی سووریای نوێ،" دەیانەوێت پەیوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەگەڵ عێراقدا هەبێت. 
 
جۆلانی هەروەها داوا لە سوودانی دەکات، رێگە بە حەشدی شەعبی نەدات دەستوەردان لە سووریا بکات. 
 
سوودانی شەوی یەکشەممە، داوای لە هەموو فەرماندە سیاسی و سەربازییەکان کرد، چاودێری و پاسەوانی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا چڕبکەنەوە، لە کاتێکدا دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە. 
 
سوودانی هەروەها رایگەیاند: "ئاسایشی عێراق گرنگترین کاری لەپێشینەیە بۆ حکومەت و بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدرێتەوە کە خاکی عێراق و سەروەرییەکەی بکاتە ئامانج."
 
لەو ڤیدیۆیەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت جۆلانی لەسەر موبایلێک گوێ لە ڤیدیۆیەکی سوودانی دەگرێت کە قسە لەسەر دۆخی سووریا و "مەترسییەکانی" بۆ سەر عێراق دەکات. 
 
جۆلانی دەڵێت: "زۆر نیگەرانی و وەهممان گوێ لێبووە لە سیاسەتڤانانی عێراقەوە گوایە ئەوەی لە سووریا روودەدات بۆ عێراقیش درێژدەبێتەوە. من بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەڵێم، ئەم شتە 100٪ هەڵەیە."
 
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام هەروەها دەڵێت: "وەک چۆن عێراق و بەڕێز محەممەد شياع سوودانی توانییان بەم دواییانە خۆیان لە جەنگی نێوان ئێران و ناوچەکە بپارێزن، پشتیوانیی لێ دەکەین عێراق لە جەنگێکی نوێی پەیوەست بە سووریا بپارێزێت. ئەوەی لە سووریا روودەدات ئەوەیە، گەل لە دژی ئەم رژێمە تاوانکارە راپەڕیوە و ئێستاش بەرگری لە خۆی دەکات و مافەکانی لەم رژێمە وەردەگرێتەوە."
 
جۆلانی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات: "شۆڕش پەیوەندیی بە عێراقەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەیەوێت پەیوەندیی ستراتیجیی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی [لەگەڵ عێراق] بەهێز بکات دوای بونیادنانی سووریای نوێ و لەنێوچوونی ئەم رژێمە تاوانکارە."
 
جۆلانی داوا لە سوودانی دەکات، "ئەرکەکەی لە ئەستۆ بگرێت و رێگە نەدات حەشدی عێراقی دەستوەردان لە دۆخی سووریادا بکات و پشتیوانی لەم رژێمە رووخاوە بکات."
 
راپۆرتی جیاجیا و دژبەیەک لە بارەی رۆیشتنی حەشدی شەعبی بۆ سوریا هەیە. 
 
فالح فەياز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە چەکدارەکانیان چووبنە نێو خاکی سووریا. بەڵام هەمان رۆژ، دوو سەرچاوەی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران، بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی بەشار ئەسەد، چوونەتە نێو سووریا. 
 
سەرچاوەیەکی دیکەی نێو سوپای سووریا بە ئاژانسەکەی راگەیاندبوو، "دەیان" چەکداری حەشدی شەعبی لە دەروازەی قائیم لە ئەنبارەوە چوونەتە سووریا و بەرەو حەما بەڕێکەوتوون، ئەو شارەی کە ئەمڕۆ هەتەشە کۆنترۆڵکردنی ناوەندەکەی راگەیاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە