رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکان دوای هێرشکردنە سەر شەهبا رێگری لە خەڵکی دەکەن لەوەی ناوچەکەیان بەرەو ناوچە ئارامەکانی دیکە جێبهێڵن. بەرپرسێکیش لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، 15 هەزار کەس بەو هۆیەوە گیریان خواردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان بە کاروان فەیزی دری، رۆژنامەڤان لە دیسکی ئینگلیزیی رووداوی راگەیاند، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دوای کۆنترۆڵکردنی شەهبا، رێگری لە 15 هەزار دانیشتووی ناوچەکە دەکەن لەوەی بەرەو ناوچە سەلامەتەکان بچن.
شێخمووس ئەحمەد دەڵێت: "دوێنێ دوو پاسمان بۆ شەهبا ناردن، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا - هێزەکانی هەمزات و سوڵتان موراد- رێگری لە خەڵکی دەکەن لەوەی ناوچەکە جێبهێڵن."
وەکو شێخمووس ئەحمەد ئاماژەی پێدەدات، ئەم هەنگاوەی گرووپە چەکدارەکان وایکردووە، 15 هەزار کەس لەو ناوچەیە گیر بخۆن کە شارۆچکەی ستراتیژیی تەلرەفعەتیش لەخۆ دەگرێت.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هێرشێکیان بۆ سەر شەهبا دەستپێکردووە کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سووریا و لەژێر کۆترۆڵی هەسەدە دابوو. پێشتر هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی رانەگەیێندراو رێککەوتن بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ خەڵکی بکەنەوە تاوەکو بچنە ناوچە ئارامەکانی دیکەی کوردنشین لە پارێزگاکانی تەقبقە و رەقە.
ئێستا ئاوارەکانی شەهبا لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا لە کەمپ و مزگەوتەکان دەمێننەوە.
زۆربەی ئەوانەی لە شەهاب ئاوارە دەبن، پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی تورکیا و گرووپە نزیکەکانی بۆ سەر عەفرین، روویان لە شەهبا کردبوو.
رۆژی سێشەممە، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان بە رووداوی گوتبوو کە بەهۆی هێرشی ئەم جارەی گرووپە چەکدارەکانەوە، نزیکەی 100 هەزار کەس لە شەهباوە بەرەو تەبقە ئاوارە بوون. ئەمڕۆ بە رووداوی رایگەیاند، ژمارەکە بەرزنەبووەتەوە و نزیکەی شەش هەزار خێزان لە شەهبا گیریان خواردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ