رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لەبارەی رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپێشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران و برینداربوون.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، قاسم ئەعرەجی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لەبارەی رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو کە لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت روویاندا.
لیژنەکە لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێکهێنراوە، بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و ئەندامێتی نوێنەرانی ئەرکانی سوپا و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دەزگای هەواڵگری و هەواڵگریی ئاسایش.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی لاوەکیی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی مەیدانی دروست بکرێت لەبارەی رووداوەکان و دەرخستنی راستییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا قاسم ئەعرەجی رێنمایی بە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە داوە، کە دەبێ کاری لێکۆڵینەوە بێلایەن بێت و رایگەیاندووە: "خوێنی ئەو کەسانەی رژاوە، رۆڵەکانی گەلەکەمان بووە و لەم لێکۆڵینەوەیە لایەنگریی بۆ هیچ لایەنێک ناکەین. تەنیا لایەنگریی بۆ عێراق دەکەین و مەرجە لێکۆڵینەوەکان تەواو بێلایەن بێت بۆ ئاشکراکردنی هەموو دیوێکی راستییەکانی رووداوەکان."
لە رۆژانی 29-30ی ئابی 2022دا شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوز روویاندا. ئەم پێکدادانە دوای ئەوە هات، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کشانەوە و وازهێنانی هەمیشەیی لە سیاسەت راگەیاند و بەهۆیەوە لایەنگران و جەماوەری رەوتی سەدر لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور رژانە سەر شەقامەکان. دوای هەڵکشانی گرژیی نزیکەی 30 کەس کوژران و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
دواتر، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد لە ماوەی 60 خولەکدا بکشێنەوە. هەروەها بەهۆی کوژراوەکانەوە رەوتی سەدر ماتەمینی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ