عێراق
کارمەندانی بەرگریی شارستانی لەکاتی هەڵگرتنەوەی ئێسکوپرووسکەکان، وێنە: بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی نەینەوا
رووداو دیجیتاڵ
دوای پێنج ساڵ لە بەفەرمی راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەکان، ئەمڕۆ ئێسکوپروسکی 12 کەس لەو شارەدا دۆزرایەوە، کە هێشتا دیار نییە ئێسکوپرووسکی چەکدارانی داعش، یان خەڵکی سڤیلن.
ئێسکوپرووسکەکان لەکاتێکدا دۆزراونەتەوە کە خەڵک خەریکی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەیان بوون لە ناوچەی مەیدان، دوای دۆزینەوەی ئێسکوپرووسکەکانیش، تیمەکانی بەرگریی شارستانییان لێیان ئاگادارکردوونەتەوە.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى رۆژنامەڤانیى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەمڕۆ لە ناوچەی مەیدانی شاری موسڵ تیمەکانی بەدواداگەڕان و فریاکەوتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی بە پشتبەستن بە هەواڵی خەڵکی ناوچەکە، ئێسکوپرووسکی 12 کەسیان دۆزییەوە و بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان رەوانەی دادپزیشکی کران، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و دۆزینەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە".
روونیشیکردەوە "هێشتا زۆر تەرمی دیکە لەژێر دار و پەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانی موسڵدا ماون. ناوە ناوە کە خەڵکی شارەکە باڵەخانە و شوێنەکانیان نۆژەندەکەنەوە، ئێسک و پرووسک دەدۆزنەوە و هەواڵمان دەدەنێ".
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و شارەکەیان لە چەند کاژێرێکی کەمدا کۆنترۆڵکرد، دواتر ئەوە سەریکێشا بۆ گرتنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە.
بە هەزاران چەکداری داعش و هاووڵاتی عێراق لەماوەی هێرشی رێکخراوەکە بۆ سەر موسڵ و هەروەها لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا کوژران. لە تەمموزی ساڵی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ