رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی سنووری سووریای کرد، وەزارەتەکەی دەڵێت "بۆ بینینی ئەمنیەتی ناوچەکە بووە لە سنووری دەسەڵاتی ئەواندا."
ئەمڕۆ (شەممە، 30-11-2024) سابت عەباسی بە یاوەریی یاریدەدەرێکی سوپاسالاری عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی هێزەکانی زەوینی، بۆ چاودێریکردن و پشکنینی سنووری نێوان عێراق و سووریا، سەردانی رۆژئاوای نەینەوای کردووە لە سنووری قەزای شنگال.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "ئامانجی سەردانەکە، بینینی دۆخی ئەمنیی سنووری بەرپرسیاریێتیی ئێمە بووە."
شەوی رابردوو وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، "سوپاکەمان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانییەوە، ئامادەیە و بەردەوامە لە ئەرکەکانی بۆ پاراستنی سنوور و ئاسمانی عێراق لە هەر مەترسییەک، شانبەشانی هێزە ئەمنییەکانی دیکە."
لە دوێنێوە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوخۆیی سووریا، حکومەتی عێراق هێزەکانی لەسەر سنووری ئەو وڵاتە خستووەتە ئەوپەڕی ئامادەییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان، رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ کرد بۆ سەر شاری حەلەب و بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە.
هێرشەکە لە کاتێکدا بوو ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و پشتیوانییان لە هێزەکانی سووریا کردووە، بە شەڕی ئیسرائیلەوە سەرقاڵن.
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون، گەیشتووەتە 327 کەس. کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووتەوە 100 کەس؛ هەروەها 44 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ