رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵایەکى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق، دادگەیەکى بەغدا پێنج ملیۆن دینار سزاى پێبژاردنى رۆژنامەڤانێک دەدات. نووسینگەى کازمى دواى بڕیارەکە رایگەیاند، لەو سزایە خۆش بوون.
بڕیارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ى کانوونى یەکەمى 2024، لە دادگەى بەرایی کەرخ لە بەغدا دەرچووە. قەیس حەسەن رۆژنامەڤان بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دراوە، بە تۆمەتى ئەوەى "ناوى مستەفا کازمى زڕاندووە".
قەیس حەسەن بە رووداوى گوت: "لە دادگە داواى تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە دەکەین".
ئەو کێشەیە بە هۆى نووسینێکى رۆژنەڤانەکە بووە کە لە 30ى حوزەیرانى 2024 لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا نووسیبووى: "مستەفا کازمى لە عادل عەبدولمەهدى (سەرۆکوەزیرانى پێشووتر) خراپتر بووە".
دواى دەرچوونى بڕیارە کە لەلایەن دادگەوە، نووسینگەى رۆژنامەڤانیی مستەفا کازمى رایگەیاند، مستەفا کازمى لەو پێنج میلۆن دینار سزایە خۆش بووە و ئەوەى بۆ "رێزگرتن لە رۆژنامەڤانانی شەهید و ئازادى بیروڕا لە عێراق" گەڕاندووەتەوە.
قەیس حەسەن گوتى: "سازشى میدیایی وەک سازشى دادوەرى نییە، کاتێک بڕیارەکە لەلایەن دادگەوە دەرکرا، پارێزەرى کازمى بڕیارەکەى وەرگرت و ئاماژەى بەوە نەکرد کە لێى خۆش بوون، دەبێت ئەو سازشە لە بەردەم دادگە بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ