رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، جەخت لە یەکهەڵوێستی عێراق و یەکڕیزی هێزە سیاسییەکان دەکاتەوە و لێکەوتەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تاوتوێدەکات. داواش دەکات لەنزیکترین کاتدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلابکرێتەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 30-09-2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی،سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە میوانداری کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد، بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان. تێیدا پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و رەنگدانەوەی بەسەر عێراقەوە باسکران.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لێکەوتەکانی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر لوبنان تاوتوێکردووە. جارێکی دیکە سەرکۆنەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداریی گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان کردووە. هەروەها پشتیوان و پێزانینی هەوڵەکانی فریاگوزاریی عێراقیان کرد، کە پێشکێشی لوبنانیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا گفتوگۆ سەبارەت بە راگەیێندراوی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و تەواوکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە بوونی ئەو هاوپەیمانییە لەسەر خاکی عێراق کرا لە ئەیلوولی 2025.
هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە داوای کردووە، پێویستە لەنزیکترین کاتدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلابکرێتەوە.
لە 14ـی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ