مالیکی و حەلبووسی هاوپەیمانێتییەکیان راگەیاند

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج فراکسیۆنی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، هاوپەیمانێتییەکی نوێیان بەناوی "هاوپەیمانیی بڕیار" راگەیاند.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هاوپەیمانێتییەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندرا. ئەو هاوپەیمانێتییە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی، بابلیۆنی رەیان کلدانی و ئەبشیر یا عێراقی هومام حەمودی پێکدێت.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژە بەوە کرا، هەوڵ هەبووە دەست بەسەر یەکە کارگێڕییەکانی بەغدادا بگیرێت و گوتیان، ئەوان کار دەکەن بۆ رەخساندنی هاوسەنگی لەنێو ئەنجوومەنەکە.
 
ئاماژەیان بەوەش کرد، نایانەوێت هیچ لایەنێکی سیاسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پەراوێز بخەن و هەوڵدەدەن هاوسەنگی دروستبکەن و هەمووان شایستەی خۆیان وەربگرن.
 
عولا تەمیمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ ئەوەی بەشێک نیم لەو هاوپەیمانێتییە، بەڵام هیوادارم هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەنجوومەنی بەغدا و خزمەتکردنی خەڵکی بەغدا."
 
عولا تەمیمی کە ئێستا سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ناجێگیرن. هەر رۆژە و باس لە گۆڕینی لیژنەکان و دابەشکردنەوەیان دەکرێت. بەم شێوەیە کاروباری بەغدا بەڕێوەنابرێت."
 
شوباتی رابردوو، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا عەبدولموتەلیب عەلەویی لە پشکی دەوڵەتی یاسا بە پارێزگاری بەغدا و عەمار قەیسی لە سیادە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژارد.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە 52 کورسی پێکهاتووە. بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن کورسییەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: دەوڵەتی یاسا 9، هاوپەیمانی نەبنی 9، تەقەدووم 8، هاوپەیمانی هێزی دەوڵەتیی نیشتمانیی 5، سیادە 4، عەزم 4، حەسمی نیشتمانی3 ، ئەساسی عێراقی 3، ئەبشیر یا عێراق 2، ئیشراقییەی کانوون 1، گردبوونەوەی نەوەکان 1، بزووتنەوەی بابلیون کریستان 1 و عامر داوود شەریف فەیلی- کوردی فەیلی 1 کورسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە