شەقامی شیعە هیوا بۆ سەرکەوتنی دیموکراتەکان دەخوازن لە هەڵبژاردنی ئەمریکا دا

05-11-2024
زیاد ئیسماعیل
بۆچوونی هاووڵاتییانی بەغدا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمریکا
بۆچوونی هاووڵاتییانی بەغدا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عێراق، یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە زۆرترین کاریگەریی ئەمریکای لەسەرە لە رووی سیاسی، سەربازی، دارایی و ئابووریشەوە. رووداو لە بەغداوە لەوە دەکۆڵێتەوە 'عێراقییەکان بە حیزب و خەڵکیشەوە، چۆن لەو هەڵبژاردنە دەڕوانن و چاوەڕوانی چی دەکەن؟'
 
هەڵبژاردن لە ئەمریکایە و خەڵکی عێراق پێوەی سەرقاڵە. زۆربەی شەقامی شیعە هیوا بۆ سەرکەوتنی دیموکراتەکان دەخوازن و پێیانوایە حوکمی کۆمارییەکان بەتایبەت ترەمپ، قۆناخێکی دیکەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەناوچەکە بەدوادا دەبێت.
 
باوکی موهەنەد، هاووڵاتیێکی عێراقییە لە بەغدا و، دەڵێ "ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە سیاسەتی ئەمریکا یەکەم شتی وای دادەنێت؛ عێراق دەبێت ببێتە هاوپەیمانی ئەمریکا. ئەمریکا نایەوێت عێراق پڕچەک بکرێت و ناهێڵێت ئابوورییەکەی رۆڵی هەبێت، چونکە ئەوان عێراقیان گرتووە بە دۆلار، وەک وەرەقەیەکی ئابووری."
 
هاووڵاتییەکی دیکەی بەغدا بەناوی فەلاح عەبدوڵڵا، کە فەرمانبەرە، دەڵێ "لەحاڵەتی سەرکەوتنی ترەمپ، هاوکێشە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت، بەتایبەتی ئەمڕۆ دیمەنی سیاسی و ئەمنی ناجێگیرە؛ لە کۆتاییدا کاریگەریی نەرێنی دۆخەکە لەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت."
 
"کەسیان لە کەسیان باشتر نین، بەڵام کامالا سەبارەت بە عێراق باشترە، چونکە بینیمان لەماوەی دەسەڵاتی ترەمپ و بایدن، بایدن بە دڵنیاییەوە باشتر بوو، ئەو رێگەی بایدن تەواو دەکات." ئەمەش گوتەی خانەنشینێکە لە بەغدا بە ناوی ئیبراهیم قورەیشی.
 
هاوشێوەی شەقام، سیاییەکانی شیعە لایەنگریی هاریسن و پێیانوایە هاتنەوە سەر حکومی ترەمپ بە واتای شەڕ و نائارامییەکی نوێ دێت لە ناوچەکەدا، کە تەنانەت بەرۆکی عێراقیش دەگرێت.
 
پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ناوی محەممەد بەلداوی دەڵێ "ترەمپ لە هەڵسوکەوتەکانی قۆناخی رابردووی حوکمیدا هەڵسوکەوتی شێتانەی ناڕێکخراوی هەیە و کۆنترۆڵ ناکرێت، پێموایە کامالا لەم قۆناخەدا لە ترەمپ عەقڵانیترە، بەتایبەت له رەخنەکانی (هەڵوێستەکانی) سەبارەت بە سیاسەتی شەڕانگێزی ئەمریکا دژی میحوەری مووقاوەمە." 
 
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق هەوراز و نشێویی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە، لە قۆناخی رووخانی بەعس و دانانی حاکمێکی ئەمریکایی بۆ عێراق، تاوەکو قۆناخی هاوپەیمانیی ستراتیژی و گوشار بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئێستاش ئەمریکا زۆرترین کاریگەری و کارتێکەری لەسەر عێراق هەیە، بۆیە بەغدا بەپەرۆشە تاوەکو سەرۆکی نوێ و سیاسەتی 4 ساڵی داهاتووی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتەکەی ببینێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە