رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە؛ هەروەها باسیان لە دۆخی لوبنانیش کرد.
رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024 ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ دووشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "وەزیری دەرەوە [بلینکن] و محەممەد شیاع سوودانی باسیان لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کرد."
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیش ماوەی مانگێکە چووەتە قۆناخێکی دیکە، وەزیری دەروەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرد و جەختیان لە "گەیشتن بە رێککەوتن" کردەوە. هەروەها باسیان لەوەش کردووە، هاووڵاتییانی ئاوارەبووش دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
لەبارەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "وەزیری دەرەوە داوای لە سوودانی کردووە پابەندییەکانی خۆی بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، هەروەها رێکار دژی ئەوانە بگرێتەبەر کە بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لەنێویاندا میلیشیاکانی نزیک لە ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتە، پێویستە "عێراق رانەکێشرێتە نێو ململانێ هەرێمییەکان؛ پێویستە عێراق کۆنترۆڵی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات کە لە خاکەکەیەوە هێرشی دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ