رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق 2,710 زیندانی لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" وەرگرتووەتەوە، کە بە تیرۆر تۆمەتبارن. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، "تیرۆر تائێستاش هەڕەشەیەکی جیهانییە".
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، دووشەممە 04-11-2024، بەشداری لە کۆنگرەی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هێنانەکایەی میکانزمێکی گونجاو بۆ پاراستی سنوور کرد، کە لە کوێت بەڕێوەچوو.
ئەعرەجی لە کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد، گوتی: "بەشداریی عێراق لەو کۆنگرەیە بەرجەستەی ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست، برا و خۆشەویستانی ئاشتییە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیری، پاراستنی وڵات و نەوەکان و بنیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام".
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی "هەنگاوی گرنگ"ی ناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەڕگیری. سوورە لەسەر بەرقەرارکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک بەرنامەی نیشتمانی پیادە دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندئاژۆیی کە تیرۆری لێدەکەوێتەوە. ئەوەش وایکردووە گوتاری تووندڕەوی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کەم بێتەوە.
قاسم ئەعرەجی جەختی لەسەر سەقامگیریی دۆخی عێراق کردەوە و گوتی: "ئێستا عێراق ژینگەکی زۆر سەرنجڕاكێشە بۆ وەبەرهێنان و فاکتەرێکی هاندەرە بۆ بنیادنانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دڵنیاییدان لە هەموو بوارەکاندا".
بەڵام نەیشاردەوە کە تاوەکو ئێستا تیرۆر هەڕەشەیەکی جیهانییە، تەنیا لە رێگەی بەرقەرارکردنی سیستمێکی کاری تەواوکاری و هاوکاری نێودەوڵەتی لەنێو دەبرێت. عێراقیش توانی جەنگی تیرۆر لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق بڕیاری ئازایانەی دا بە گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل، ئەوەش بەگوێرەی پلانێکی مرۆیی. وەک ئەعرەجی باسی کرد، تاوەکو ئێستا 2,629 خێزانیان گەڕاندووەتەوە کە 10,242 کەسن، ئەمانە براونەتە سەنتەرێکی دەروونی لە باشووری شاری موسڵ، دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان. تاوەکو ئێستا 2,082 خێزان، کە 7,685 کەسن لە هەشت پارێزگای عێراقدا گەڕێندراوەنەتەوە زێدی خۆیان.
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێکی زۆری دانیشتووانی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
شکستەکانی رێکخراوی داعش، بەتایبەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتریش لە سووریا، رێکخراوەکەی بەرەو لاوازی برد. بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و بەشێکی زیاتری ئەندامەکانیشیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
وەک قاسم ئەعرەجی باسی کرد، کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقی، کە لە زیندانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریان، لە نێویاندا ئەوانەی بە تیرۆر تاوانباران، تاوەکو ئێستاش 2,710 زیندانی عێراقییان لەو زیندانانە گەڕاندووەتەوە و براونەتە زیندانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و درانە دادگاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ