پرۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی لە بەرنامەی کاری پەرلەمان لابرا

30-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سبەی سێشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی  لە بەرنامەی کاری سبەی پەرلەمان لابرا. 
 
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە بە چەند بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە، یەکێکە لە داواکارییەکانی کورد و تورکمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە تەنیا دەنگدانی ماوە، چەند جارێک دەخرێتە بەرنامەی کار و دواتر بەهۆی ناڕەزایی سوننەکان لادەبرێت.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 30-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو کە بەرنامەی کاری پەرلەمانیان بۆ دانیشتنی سبەی سێشەممە پێگەیشت، یەکەم بڕگەی دەنگدان بوو لەسەر پرۆژەیاساکە؛ بەڵام ئەمڕۆ بەرنامەیەکی دیکەی کاریان بۆ نێردراوە، ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی کار لابراوە.
 
موسەننا ئەمین، پێیوایە، لابردنی ئەو بڕگەیە لەسەر داواکاری و ناڕەزایی سوننەکان بووە. گوتیشی، هەوڵێک هەیە پرۆژەکە لەگەڵ هەردوو پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری باری کەسی بخرێتە دەنگدانەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 16-09-2024 پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە بە چەند بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە، لەبەرنامەی کاردابوو، بەڵام دواتر لابرا ، کەچی  خوێندنەوەی دووەم بۆ هەردوو پرۆژەیاسای هەمواری لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی  کرا، کە داواکاری سوننە و شیعەکانە. 
 
ئەوکات شیعەکان بەڵێنیان بە نوێنەرانی کورد دا تاوەکو رۆژی پێنجشەممە پرۆژەکە دەخەنە دەنگدانەوە؛ بەڵام دوو هەفتە بەسەر بەڵێنەکەیان تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە.
 
بە گشتی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لەنێوان کورد و تورکمان لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەیان لەسەرە. لە خورماتووش 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لەسەرە. 
 
زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەویى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرووک داگیرکراوە و بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە. ئەو زەوییانە هێشتا موڵکدارییان یەکلا نەکراوەتەوە، کە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس داگیرکراوە.
 
زۆرینەى زەوییە داگیرکراوەکانى کورد و تورکمان لە کەرکووک دەکەونە قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندیی کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا، لەیلان، داقووق، تازە و بەشیر.
 
زۆرینەى زەویی داگیرکراوی کورد، کە خاوەندارێتیان بە گوێرەى مادەى 140 یەکلایی نەبووەتەوە لە سنوورى قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندى کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا و داقووقن.
 
زۆرینەى زەویی داگیرکراوی تورکمان لە پارێزگای کەرکووک لە سنوورى ناحیەکانى لەیلان، تازە و بەشیرن.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

سوودانی و بلینکن جەخت لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە؛ هەروەها باسیان لە دۆخی لوبنانیش کرد