دادگەی رەسافە بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارانی سووتاندنی بازاڕەکانی کەرکووک، هەولێر و دهۆکی دەرکرد

06-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا - رەسافە بڕیاری ئازادکردنی ئەو کەسانەی دەرکرد کە تۆمەتباربوون بە سووتاندنی بازاڕەکانی کەرکووک، هەولێر و دهۆک. ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانیی عێراق ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەکە نیشاندەدات.

لە بڕیارەکەیدا کە رۆژی سێشەممە دەرکراوە، دادگەکە دەڵێت، "بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست دژی تۆمەتباران هونەر فەخرەدین ئەحمەد عەبدولعەزیز، محەممەد نەجات حەسەن و سیروان حوسێن محەممەد، دادگە بڕیاریدا ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان هەڵبووەشێنێتەوە و دەستبەجێ ئازادیان بکات. هەروەها هەموو ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو، بۆیان بگەڕێنێتەوە."
 
ئەو تۆمەتبارانە بەشێک بوون لەو تۆڕەی لە 1ی تەممووزی ئەم ساڵ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا دەستگیرکردنیان راگەیێندرا. 
 
ئەو کات هەردوو وەزارەتەکە باسیان لەوە کرد، هونەر فەخرەدین، ئەندامی یەکەی حەفتای پێشمەرگە و محەممەد نەجات، ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی و تۆڕەکەیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە راسپێردراون بۆ ئەوەی بازاڕەکان بسووتێنن. پەکەکە و یەکێتی تۆمەتەکانیان رەتکردەوە. 
 
دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا - رەسافە دەڵێت، بەپێی بڕگە و مادەکانی یاسای ژمارە 13ی دژە تیرۆری ساڵی 2005 بڕیاری ئەستۆپاکییەکەی داوە. 
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانیی عێراق و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق دەڵێت، بڕیارەکە "مایەی سەرسووڕمانە"، چونکە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی "بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان" رایگەیاندبوو ئەو کەسانە سەر بە پەکەکەن؛ هەروەها دەپرسێت، "رێکخراوە تیرۆریستییەکان چۆن کاریگەری دەخەنە سەر ئەم رێکارانە لە نێو عێراق؟ وڵات بەرەو کوێ دەڕوات؟"
 
 1ی تەممووز، هەردوو وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا لە بەغدا، تۆمەتبارەکانیان بە قۆڵبەستکراوی بردە بەردەم کامێراکان و رایانگەیاند، لە کەرکووک دووجار هەوڵى سووتاندنى مۆڵ ئۆڤ کەرکووکیان داوە، ئەوانیش لە 10ـی تشرینى یەکەمی 2023 و لە 7ـی نیسانى 2024؛ هەروەها هەوڵی سووتاندنى باڵەخانەى ئیسماعیل دەروێشیان لە کەرکووک لە 3ـی ئایارى 2024 داوە. 
 
ئەو رووداوانەى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر کە ئەندامانى تۆڕەکەى پێ تۆمەتبار کرابوون بریتبوون لە سووتاندنى بازاڕى لەنگەى هەولێر لە 27ـی شوبات و 8ـی نیسانى 2024، سووتاندنى  کۆمپانیایەک و کۆگایەک لە قوشتەپە لە 27ـی ئادارى 2024، سووتاندنى بازاڕى نیشتمان لە 23ـی نیسانى 2024 و سووتاندنى بازاڕى قەیسەرى لە 5ـی ئایارى 2024.
 
تۆڕەکە تۆمەتبار بوون بە سووتاندنی بازاڕی چەلێ لە دهۆک لە 1ی نیسانی ئەم ساڵ کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 300 دووکان سووتان و زیانیان بەرکەوت.
 
1ی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەوە دەردەکەوێت، یەکێک لە تۆمەتبارانی هەمان دۆسیە بە ناوی رەنج حەبیب سۆراب دان بەوەدا دەنێت لە رێگەی هونەر فەخرەدینەوە پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و لە بەرامبەر بڕێک پارەدا بووەتە بەشێک لە نەخشەی سووتاندنەکە. 
 
چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە لایەن وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە میدیاکانەوە زانیمان کە وەزارەتی نێوخۆی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات، گوایە سووتانی چەند شوێنێکی شارەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆک لەلایەن گرووپێکی پەکەکەوە بووە. ئەو هەوڵانە رەتدەکەینەوە و کۆمەڵگە دەزانێت ئەو بانگەشانە راست نین و هەوڵێکن دژی بزووتنەوەکەمان".
 
هەمان رۆژ، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، "خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردن، نەوەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ؛ هەروەها ئەم حیکایەتانە کە ئاراستەی یەکێتین زۆر بە تووندی رەت دەکەینەوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستە چەورەکەی بەسەر ئێمەدا بسڕێت، چونکە پەیوەندیمان بە ئاگرەکانەوە نەبووە و ئەو قسانەی کە دەکرێن سیناریۆی چەوتن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە