رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کرد و جەختیان لە پێویستیی "راگرتنی دەستبەجێی شەڕانگێزییەکانی دژ بە گەلانی لوبنان و فەڵەستین" کردەوە.
دیدارەکەیان ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-09-2024، لە بەغدا کرا. نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، لەتیف رەشید و محەممەد شیاع سوودانی، باسیان لە دۆخی ناوچەکە کرد بەتایبەتی "دوای پەرەسەندنی تاوانە جەنگییەکان دژ بە گەلانی لوبنان و فەڵەستین و پاش ئەو کردەوە تاوانکارییەی بووە هۆی شەهیدبوونی بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی".
نزیکەی دوو هەفتەیە هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆسەر یەکدی چڕتربوونەتەوە. رۆژی هەینیش لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری بزووتنەوە ئیسلامییەکە کوژرا.
لە 08-10-2023 دوای رۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، حیزبوڵڵا پاڵپشتیی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. بە گوێرەی بەرپرسانی لوبنان، تاوەکو 26ی ئەیلوول هەزار و 540 کەس کوژراون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، زیاتر لە 50 کەسی ئیسرائیلی کوژراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا، "جەختکرایەوە کە ئەم قۆناخە لە رادەبەدەر سەختە و پێویستی بە یەکڕیزی و گوتاری یەکگرتوو هەیە، هەروەها کۆکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی دەستبەجێی کردارە شەڕانگێزییەکان بە هەموو شێوەکانیانەوە دژ بە هەردوو گەلی برا بەشێوەیەك، کە سەقامگیریی راستەقینە لە ناوچەکەدا بهێنێتەدی و ژیان و ئاسایشی گەلان بپارێزێت".
هەروەها باسیان لە دۆخی نێوخۆی عێراق کردووە و "جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەوەی لە ماوەی رابردوودا جێبەجێکراوە، هەروەك کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و بووژاندنەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی رەوتی گەشەسەندن لە وڵاتدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ