پەرلەمانتارێکی کەرکووک: دەکرێت کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق لە ناوچە دابڕاوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت

دوێنێ کاژێر 06:24
نەهرۆ محەممەد
هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق
هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندام پەرلەمانێکی عێراق کە نوێنەری پارێزگای کەرکووکە، لەبارەی کاریگەریی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەسەر ژمارەی کورسییەکانی ناوچە دابڕاوەکان لە پەرلەمان دەڵێت، سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە و دەکرێت کاریگەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانیش هەبێت.
 
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 19-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان پرۆسەیەکی گرنگە. دەکرێت ئەنجامەکەی کاریگەریی سیاسی و گەشەپێدانی هەبێت."
 
دیلان غەفوور ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی کۆدەکرێنەوە، پلانی وڵات دادەڕێژرێت. گوتیشی، "ترسمان هەیە ئەو داتا و زانیارییانە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەڕووی سیاسیشەوە بەکاربهێندرێن."
 
لە عێراق، بۆ هەر 100 هەزار کەس کورسییەکی پەرلەمانی دیاریکراوە. دیلان غەفوور دەڵێت، "دوای سەرژمێری، ئەگەری هەیە ژمارەی کورسیی پەرلەمان، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. ئەو ناوچانە هەمیشە دیمۆگرافیاکەیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. دادگەی فیدراڵی بڕیاریداوە لەدوای سەرژمێری، کورسییەکانی پەرلەمان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت."
 
نوێنەرەکەی کەرکووک جەخت لەوە دەکاتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق لەو ناوچانە نیشتەجێ کراون، ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە پێکهاتەی عەرەبی بە  هەر هۆکارێک بێت لە کەرکووکن، "مەترسییەکەمان ئەوەیە، لە داهاتوودا سەرژمێری هەر تەنیا بۆ لایەنی گەشەپێدان بەکارنەیەت، بەڵکو بۆ لایەنی سیاسییش بەکاربێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر 6 خاڵ رێککەوتن، لەوانە بەراوردکردنی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بارزگانی و پلادانان، کۆچ و کۆچبەران، بەڵام دیلاف غەفوور دەڵێت، "ئەو پرۆسەیە کاتی زۆری پێویستە و هاوتاکردنیان ئاسان نییە."
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە هاونیشتمانییانی نیشتەجێی دەرەوەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی مادەی 140، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە