رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشکرای دەکات لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی 2022دا، نزیکەی دوو هەزار مامەڵەی هاوسەرگیریی دووەمیان لە دادگەکانی عێراق تۆمار کردووە، کە زۆرترینی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بووە.
رۆژی یەکشەممە، 29-5-2022، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ئاماری سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی تایبەت بە مارەکردنی ژنی دووەم لەعێراق بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەزار و 896 پیاو داواکارییان بۆ هێنانی ژنی دووەم تۆمارکردووە.
پارێزگای نەینەوا لە پلەی یەکەم دێت، کە زۆرترین داواکاریی بۆ هێنانی ژنی دووەم هەبووە و دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا 339 پاساوی هێنانی ژنی دووەمی تۆمارکردووە، پارێزگای بەسرە بە 222 داواکاری و پارێزگای سەلاحەددین بە 196 داواکاری، لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هۆکارەکانی هێنانی ژنی دووەمی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە، لەوانە نەزۆکی، تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئارەزووی پیاوان بۆ ژنهێنان بەتایبەت لەدوای باشبوونی دۆخی ئابووری.
پارێزەرى راوێژکار ئازاد مەحمود بایز، بەرپرسی لقی سەندیکاى پارێزەرانی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یاسای باری کەسیی لە عێراق فرەژنی قەدەخە نەکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا سنووردارکراوە، بۆیە بەشێک لە پیاوان لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنەدادگەکانی تێهەڵچوونەوەی ئەو ناوچانەی پێیدەڵێین ماددەی 140، بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەگیری بکەن، ئەمە لە کەرکووکنییە، چونکە کاتی خۆی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک ئەوەی رەتکردەوە و گوتی داواکاریی بۆ هێنانی ژنی دووەم لە دادگەکانی کەرکووک نەکرێت."
بەپێی یاسای هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە 15ی ساڵی 2008ی، فرەژەنی لەهەرێمی کوردستان سنووردارکراوە و چەند مەرجێکی بۆ دیاریکراوە لەوانە:
1-لەپێش دادگە رەزامەندیی هاوسەری یەکەم لەسەر ژنهێنانی دووەمی مێردەکەی وەربگیرێت.
2- بە راپۆرتی پزیشکی سەلمێنراو بێت، کە ژنەكە نەخۆشییەكی درێژخایەنی هەبێت و نەتوانێت ئەركی سەرجێی جێبەجێ بکات.
3- ئەو پیاوەی داوای هاوسەرگیری دووەم دەكات دەبێت لە بەردەم دادگە بەڵێننامەیەكی نووسراو واژوو بكات كە دادپەروەری بە یەكسانی دەستەبەر دەکات.
4- نابێت ژنی یەكەم لە گرێبەستی هاوسەرگیری مەرجی دانابێت كە نابێت ژنی بەسەر بێت و پیاوەكەی ژنێكی دیکە بهێنێت.
سزای بۆ ئەو پیاوەش دیاریکردووە کە پێچەوانەی ئەم مەرجانە هاوسەرگیری بكات بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەك لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردنیش لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ