رووداو دیجیتاڵ
بانکى ناوەندیی عێراق ماوەی حەوت ساڵى دیاریکردووە بۆ دەستپێشخەرى قەرزدان بە هاووڵاتیان بۆ دانانى سۆلار، نابێت بانکەکان زیاتر لە 2.5%ى سوود لەسەر قەرزەکان دابنێت.
لە نووسراوێکدا کە بانکى ناوەندیى عێراق لە 9ى نیسانى 2025 ئاراستەى بانکە مۆڵەپێدراوەکانى کردووە، گۆڕانکارى لە رێکارەکانى پێدانى قەرز کردووە بۆ دانانى سیستمى بەرهەمهێنان کارەبا لە رێگەى وزەى خۆر ( سۆلار).
بۆ ئەو قەرزە، پێشینەیەکى 300 ملیۆن دیناری دەدرێتە بانکەکان، بەڵام هیچ پێشینەیەکى دیکەیان پێنادرێت تاوەکو بانکەکە دەرخستەى پێویست نەداتە بانکى ناوەندى.
دەستپێشخەرییەکەى بانکى ناوەندى بۆ کەمکردنەوەى دەردراوە گازییەکان و هەڵکردنە لەگەڵ گۆڕانى کەشوهەوا.
ماوەى پارەدارکردنى بانکەکان بۆ ئەو پڕۆژەیە بەگوێرەى نووسراوەکە حەوت ساڵە، لەگەڵ ئەگەرى درێژکردنەوەى بۆ ماوەى شەش مانگى دیکە. رێژەى سوودى سەر ئەو پارەیەى بە قەرز لەلایەن بانکى ناوەندى دەدرێتە بانکەکان 0.5% دەبێت، نابێت رێژەى سوودى بانکەکان لەسەر هاووڵاتیان لە 2.5% زیاتر بێت.
دەستپێخەرییەکە لە 19ى ئەیلوولى 2024ـەوە لەلایەن وەزارەتى کارەباوە دەست بە جێبەجێکردنى کرا، یەکێک لە ئامانجەکانى دیکەى کەمکردنەوەى گوشارە لەسەر تۆڕى کارەباى نیشتمانى.
قەرزەکەش بۆ خانوو یان پڕۆژە دەبێت و بڕەکەشی لە نێوان حەوت ملیۆن بۆ 30 ملیۆن دینار دەبێت.
بەگوێرەى نووسراوەکەى بانکى ناوەندى هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەى بەستەرى (tamwil.iq) داواکارى پێشکێش بکەن یان هەر سەکۆیەکى دیکەى ئەلیکترۆنى کە دواتر پشتى پێ ببەسترێت، بانکەکان قەزر دەدەنە کۆمپانیاکان بۆ دانانى سۆلار کە دانان و چاکردنەوەو نوێکردنوەى سیستمەکە لە ئەستۆ دەگرن.
ئەو کۆمپانیایانەى کە پەسند کراون بۆ دابنین کرنى ئەو سیتسمە لە عێراق بریتین لە ئەزوا، حەدبا، تەنویر، حوڕە، هەندەسە، کەسک، بنمور و عیز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ