عێراق

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسە لەگەڵ شاندی دانوستاندکاری وڵاتەکەی دەکات دوای ئەنجامدانی دانوستاندنی "ناڕاستەوخۆ" لەگەڵ شاندی ئەمریکا. وێنە: -KhabarOnline/AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات و خوازیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ئەنجامی ئەرێنی، گرژییەکان کەمبکەنەوە و متمانە لەنێواندا دروست بێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا دەربڕی کە دوێنێ لە عومان بەڕێوەچوو، ستایشی ئەو ئاماژە ئەرێنییانەی کرد دەرکەوتن.
وەزارەتەکە درەنگانی شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دەکاتەوە کە پاڵپشتی لە دیپلۆماسی دەکات، بەو پێیەی باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق خوازیارە ئەو گفتوگۆیانە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ئەنجامی ئەرێنی، ببنەهۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی متمانە لەنێوان هەردوولادا، بە جۆرێک بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت و ئاسایش و ئاشتی بەهێز بکرێت.
کۆشکی سپی دوێنێ شەممە بڵاویکردەوە، گفتوگۆی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە عومان "زۆر ئەرێنی و بونیادنەرانە بوون" و، هەردوولا رێککەوتوون شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
کۆشکی سپی دەڵێت: "گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی و بونیادنەرانە بوون و ئەمریکا زۆر سوپاسی سوڵتاننشینی عومان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی لەم دەستپێشخەرییە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و بە دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە ئەگەر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رێکنەکەون، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر وڵاتەکە.
عێراقچی بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "لایەنی ئەمریکی گوتی، رێککەوتنی ئەرێنی بە جۆرێک دەبێت کە بە زووترین کات بەدەستبهێندرێت، بەڵام ئەوە ئاسان نابێت و پێویستی بە ئامادەیی هەردوولا دەبێت."
گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا لە دانانی بناخەیەک بۆ دانوستاندن زۆر نزیک بووینەوە. نە ئێمە و نە لایەنەکەی دیکە، دانوستاندنی بێ بەرهەممان ناوێت. نامانەوێت دانوستاندن لە پێناو دانوستاندن بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ