وەزیرێکی عێراق: لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە دیوانی چاودێریی داراییە و کێشەی نییە

28-05-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرێکی عێراق دەڵێت، لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە دیوانی چاودێریی داراییە و "هیچ کێشەیەکی نییە." دەشڵێت، "لە دوو رۆژی داهاتوودا، وردبینیی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان تەواو دەکرێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 28-05-2024 زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان قسەی لەگەڵ وەزیرێکی عێراق کردووە و دەڵێت، "لەدوای تەواوبوونی وردبینی، مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت."
 
ئەو وەزیرە بە پەیامنێری رووداوی گوتووە، "لە دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیی لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو دەکرێت و مووچەکەیان دەنێردرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندم، لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە دیوانی چاودێریی داراییە بۆ وردبینی و هیچ کێشەیەکی نییە."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، مووچەی مانگی نیسانی هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە جگە لە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
 
پەیامنێری رووداو لەبارەی پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، "هەرێمی کوردستان داوای کردووە، بەغدا ملیۆن و نیوێک تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بەغدا پێداگری دەکات کە تەنیا دەتوانێت 650 هەزار تۆن وەربگرێت."

 

 
زیاد ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، هەولێر و بەغدا لەسەر بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت رێکنەکەوتوون، ئەنجوومەنی وەزیران عێراق لیژنەیەکی نوێی بۆ رێککەوتن لەسەر بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، پێکهێناوە.
 
کاتی دروێنەکردنی گەنمە و تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق سایلۆکانی بەڕووی گەنمی هەرێمی کوردستاندا نەکردووەتەوە.
 
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە کە 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنمی بە گەنم چێندراوە.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەدایە جووتیاران، بەڵام بەرهەمی گەنمی جووتیاران "زۆر لەوە زیاتر بوو"، ئەوەی مایەوە، جووتیاران ناچاربوون لە بازاڕەکاندا بە نرخی کەمتر ساخی بکەنەوە.
 
ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتە.
 
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە