رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشوازى لە بانگەوازەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەرى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) کرد بۆ دانانى چەک و رایگەیاند: "ئەو هەنگاوە ئەرێنی و گرنگە بۆ هێنانەکایەى سەقامگیریى لە ناوچەکە."
ئەو وەزارەتە لە راگەیێندراوێکدا، کە بەرەبەیانی رۆژی 28-02-2025 بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، "ئەو دەستپێشخەرییە هەنگاوێکى زۆر گرنگە بۆ پتەوکردنى ئاسایش نەک تەنیا لە عێراق کە چەکدارانى پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان و چەند ناوچەیەکى دیکەن، بەڵکو بۆ سەرانسەرى ناوچەکەش گرنگە."
رۆژی 27ى شوباتى 2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان راگەیاند کە تێیدا داواى لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆى هەڵبوەشێنێتەوە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق جەختیکردەوە چارەسەرى سیاسی و دیالۆگ دوو باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکان کە لە بەرژەوەندیى هەموو لایەنەکان بێت و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە بەهێز بکات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ زمان و راستییەکانی قۆناخەکەدا پەرەی پێبدرێت."
هەروەها وەزارەتى دەرەوەى عێراق پاڵپشتیی خۆى بۆ هەموو هەوڵەکان دەربڕى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە رێگەى دیالۆگ و هیواى خواست کە ئەو داوایەى ئۆجەلان بکرێتە هەنگاوى کرداریی و خێرا بۆ ئەوەى پەکەکە چەک دابنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ